وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وەزیری ناوخۆی هەرێم: دەبێت رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران وەك خۆی جێبەجێ بكرێت
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئێران بەوەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی وتووە دەبێت تەواوی بڕگەكانی ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران جێبەجێ بكرێن.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری جنێڤی سویسرا لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە و تاوتوێی رێککەوتنی ئەمنییان کردووە.
رێبەر ئەحمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی :" سەرنجی گفتوگۆکانمان لەسەر پەیوەندیی مێژوویی دەوڵەمەندی نێوان عێراق و ئێران بوو باسمان لە دەرفەتی هاوئاهەنگی زیاتر و جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات کرد".
هاوكات بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ئەو کارە لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەدایە.
بەوتەی میدیای فەرمی ئێران، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەسفی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا و ڕایگەیاندووە "لە پێناو گەرەنتیکردنی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان، دەبێت تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنەکە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن"، هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو پێشوازییەی لە ماوەی دوو ساڵی دواییدا لە زیارەتکارانی ئێرانی کردووە.
هەر بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە و وتویەتی: "ئاسایشی سنوور لە کاری لەپێشینەی ئێمەیە و هەندێک لە کێشە ئەمنییەکان کە پێشتر هەبوون، لەمەودوا لە سنوورەکان نامێنن، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵ کراون و خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نابنە سەرچاوەی هیچ هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ئێران".
ڕێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو:" ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ئامانجی هاوبەشی ئێران و عێراقە و بۆ ئەم مەبەستەش هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن".
رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ئەو رێککەوتنەیە رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەو کاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا واژۆیان کرد، یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.