چوار مامۆستای ئاینی لەئێران بەهۆی پاڵپشتیكردنی شۆرشی "ژن، ژیان، ئازادی" زیندانی دەكرێن

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
چوار مامۆستای ئایینی لەئێران بەهۆی پاڵپشتیكردنی خۆپیشاندانەكانی ئێران كە بەشۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا.
چوار مامۆستای ئایینیی خەڵكی شاری پیرانشار بە ناوەكانی شەریف مەحموود پوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی، سەید جەمال واژی و یوونس نەوخا لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە سەرجەمیان سزای ١١ ساڵ بەندكردنیان بەسەردا سەپێنرا، ئەم چوار مامۆستا ئایینییە ساڵی ڕابردوو لە كاتی خۆپیشاندانەكانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر كرابوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران، هەریەك لە مامۆستا شەریف مەحموود پوور و مامۆستا سەید جەمال واژی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی “پەسوێ”ی سەر بە شاری پیرانشار، هەر یەكەیان سزای دوو ساڵ بەندكردنیان بەسەردا سەپاوە.
هەروەها مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی و مامۆستا یوونس نەوخا، مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە پیرانشار، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
وەك ئەو ڕێكخراوە دەڵێت ئەو مامۆستا ئایینییانە بە تۆمەتی “واژۆی بەیاننامەی مامۆستایانی كوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان” وە “هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و “هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی”، لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئورمیە، سزای بەندكردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار