بە سەرکردایەتی نادیە موراد کۆمەڵێک ئێزیدی دژی کۆمپانیایەکی گەورەی فەڕەنسی سکاڵایەکیان لە ئەمریکا تۆمارکرد
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێزیدی دانیشتووی ئەمریکا بە سەرکردایەتی نادیا موراد، کچە کوردی ئێزیدی براوەی نۆبڵی ئاشتی، سکاڵایەکیان دژی کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی تۆمارکرد بەتۆمەتی "هاوکاریکردن"ی داعش لە کردەوە توندوتیژییەکانیدا لە عێراق و سوریا.
ئێمێل کلۆنی، پارێزەری مافی مرۆڤ، لی ڤلۆسکی، دیپلۆماتێکی پێشتری ئەمریکا، پارێزەری ئەم دۆسیەیان گرتووەتە دەست. سکاڵاکەرەکان و بنەماڵەکانیان، لەو کەسانەن کە لە دەست داعش رزگاریان بووە.
لە سکاڵاکەدا کە ئێزیدییەکان پێشکەش بە دادگای فێدراڵی نیۆیۆرکیان کردووە هاتووە، "لافارج یارمەتی کردەوە تیرۆریستیەکانی داعشی کردووە و بەشداربووە لە پیلانگێڕییەکانی داعش و پێویستە ئەم کۆمپانیایە قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە لە دەست داعش رزگاریان بووە."
لەدوای سکاڵاکە، نادیە موراد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، خانەوادەکەم کوژران و منیش وەک کۆیلە گیرام. هەتا ئەو رۆژەی رزگارم بوو، هەموو رۆژێک ئیستیفزاز دەرکرام و هێرش دەکرایە سەرم."
نادیە موراد کە ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا دەشڵێت، "بەداخەوە لەنێو ئێزیدییەکاندا چیرۆکی من تاک نییە بەڵکو واقعی هەزارەها ژنە ئێزیدییە و لەوەش دڵتەزێنتر ئەوەیە ئەو کارەساتەی بەسەرماندا هات بە ئاگایی و پاڵپشتی کۆمپانیای بەهێزی وەک لافارج روویدا."
لە مانگی ئابی 2014 رێکخراوی داعش چووە نێو شەنگالەوە و لە ئەنجامدا توندوتیژییەکی گەورەی بەرامبەر ئێزیدییەکان کرد و تێیدا پێنج هەزار کەس کوژران، ئەمە جگە لەوەی کە داعش زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی رفاند کە زیاتر لە نیوەیان ژنان و کچانی ئێزیدی بوون. تا ئیستا لەو شەش هەزار کەسە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسیان رزگارکراون.
کۆمپانیای چیمەنتۆی لافارج، لە تشرینی یەکەمی 2022 لە دادگایەکی فێدراڵی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە هاوکاری داعش و گروپە هاوشێوەکانی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە سوریا درێژە بە کارەکانی بدات. وەک بەشێک لەو سکاڵایە، کۆمپانیاکە رازیبوو بەوەی 778 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە زیانلێکەوتووەکان.
لافارج یەکەم کۆمپانیا بوو کە لەلایەن دادگای فێدراڵی ئەمریکاوە بەوە تاوانبار کرا کە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە لە سوریا.