پەرلەمانی عێراق: نابێت هەڵە دووبارە ببێتەوە و دەبێت کۆمسیۆن گەرەنتی سەلامەتی ئامێرەکانی دەنگدان بدات
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو گرفتە تەکنیکییانەی لە بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدانی تایبەتدا روویداوە "نیگەرانی" خۆی دەربڕی و داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات ئەو هەڵانە لە هەڵبژاردنی گشتیدا، کە بڕیارە سبەینی بەڕێوەبچێت، دووبارە نەبێتەوە.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵیت، "بە نیگەرانییەوە بەدواداچونمان بۆ ئەو گرفتە تەکنیکیانە کرد کە لە کاتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا رویاندا، بە تایبەتی نەناردنی ئەنجامەکان لە رێگەی ئامێری ئهلیكترۆنییهوه" بۆیە دەبوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئهركه دهستوورییهكانی جێبەجێ بکات.
بەهۆی تێکجوونی هەندێک ئامێرەوە لە دەنگدانی تایبەتدا کە دوێنی شەممە بەڕێوەچوو، دەنگەکان بەشێوەی ئەلکترۆنی نەگوازرانەوە بۆ نوسینگەی سەرەکی کۆمسیۆن بۆیە بڕیاردرا کە بەشێوەی دەستی دەنگەکان هەژمار بکرێن دوای ئەوەی سندوقەکانی دەنگدان رەوانەی نوسینگەی سەرەکی دەکرێن. هاوکات کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد کە دوای هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامی دەنگدان دەخەنەڕوو.
لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هاتووە، یاسای هەڵبژاردنەکان کۆمسیۆنی دەستکراوە کردووە کە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا سەربەخۆکان ئەنجامبدات بۆ ئەوەی ئامێری ئەلکترۆنی بەکاربهێنرێت کە رێگری لە ساختەکاری ئەنجامەکان بکات، بۆیە پێویستە کۆمسیۆن گەرەنتی تەواوەتی بدات کە هەڵەی تەکنینی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و سەلامەتی ئەو ئامێرانەی بەکارهاتوون لە هەڵبژاردندا رابگەیەنێت.
هاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق داوای ئەوەش لە کۆمسیۆن کردووە کە پێش بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی کە بڕیارە سبەینێ دەستپێبکات، خۆی لە هەڵە و کەموکورتی بپارێزێت.