ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەبڕیارێکی بۆ زیادکردنی ھاوکارییەکان بۆ غەززە پەسەندکرد
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەستپێشەخری زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی غەززەی پەسەندکرد، هەروەها داوا دەکەن هەنگاوی بەپەلە بۆ هێورکردنەوەی دۆخ و هەڵوێستە جەنگییەکان لە کەرتی غەززە بگیرێتە بەر.
ئەمڕۆهەینی، 22-12-2023، پانزە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەک، بڕیاردرا بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە.
پڕۆژەیاساکە دەنگی 13 ئەندامی بەدەستهێنا، ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا، بەڵام ڤیتۆشیان نەکرد.
ئەنجومەنی ئاسایش داوا دەکات ھەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ گەرەنتیکردنی گەیشتنی ھاوکاریی مرۆیی بە شێوەیەکی سەلامەت و بەبێ گرفت بۆ کەرتی غەززە.
ھەر بەپێی پڕۆژەبڕیارەکە ئەنجومەنی ئاسایش، داوا لە سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە دەکات، رێکخەرێک بۆ کاروباری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە دابمەزرێت، لەپێناو پەلەکردن لە گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە.
بڕیاری ناردنی هاوکاریی زیاتر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی پۆلێنەکانی قۆناخی ئاسایشی خۆراک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەڕۆکەکەی پشڕاستکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی مرۆیی کەرتەکە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکیانەی لە میسرەوە دەگەیێندرێنە غەززە 10٪ـی پێداویستییەکانی کەرتەکە پڕدەکەنەوە".
ئاماژە بەوەش کراوە، 577 هەزار کەس رووبەڕووی "قەیرانی برسێتی کارەساتبار" بوونەتەوە و بەدەست نەبوونی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنن.