توركیا چی لەڕۆژئاڤای كوردستان دەوێت؟

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
هێرشەكانی توركیا بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و غازی و خزمەتگوزارییەكانی رۆژئاڤای كوردستان بەردەوامەو زیانەكانیشی بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش دەڵێت: بۆردومانی دووبارەی توركیا بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی رۆژئاوای كوردستان سیاسەتی برسیكردن و داگیركارییەو ئەمەش تاوانی جەنگە.  

پەیامنێری هاوڵاتی لەڕۆژئاڤا سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا ڕایگەیاند: لەشاری كۆبانێ كارگەیەكی چیمەنتۆ و لەشاری قامیشلۆش چەندین كارگەو دامەزراوە كراونەتە ئامانج، دەشڵێت: ئەو شوێنانەی بەئامانج گیراون  شوێنی بیناسازی و كارگەو كۆگای شتومەكی ڕۆژانەو چاپەمەنی و كارگەی چیمەنتۆ و دروومانن.  

بەوتەی پەیامنێری هاوڵاتی لەڕۆژئاڤای كوردستان، ئەمڕۆ بەگشتی ٣٧ جار هێرش كراوەتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و هەشت كەس شەهیدبوون و 13 ی دیكەش برینداربوون.
وەك پەیامنێری هاوڵاتی دەڵێت هێرشەكان لە كۆبانێ و قامیشلۆ و ئامودێ و شێراوا و  منبج ئەنجامدراون، و هەریەك لە ناوەندی پەتڕۆڵ و كارگەی خواردەمەنی و چاپخانە و ناوەندی وەرشەی ئۆتۆمبێل و نەخۆشخانە و ناوەندی كۆگای كشتوكاڵ و كۆمپانیای كاروباری گشتی  و كۆگای پەین و شتومەكی ڕۆژانە كراونەتە ئامانج.

چڕبونەوەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاڤای كوردستان دوای پەسەندكردنی دەستوری رۆژئاوای كوردستان  دێت  كە دوای سێ ساڵ لەگفتوگۆو راگۆڕینەوە ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان رۆژی 12-12-2023 لەشاری رەققە ئەنجومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكوورو رۆژهەڵاتی سووریا لەكۆبوونەوەیەكدا ئەو رێككەوتنە كۆمەڵایەتییەی پەسەند كردو ڕۆژئاوای كوردستان بووە خاوەن دەستوری خۆی.

بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاڤای كوردستان داوای لە نەتەوە یەكگرتوەكان  و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان  دەكات چاودێری هێرشەكانی توركیا بكەن بۆ سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و هۆشداریشیداوە لە كاریگەری نەرێنی لە سەرتاسەری ناوچەكەو دروستبوونی قەیران. 
بەڕێوبەری خۆسەری لە راگەیەنراوەكەیدا دەشڵێت: داوا لەنەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین لێكۆڵینەوە بكەن و لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەكان پێكبهێنن بۆ چاودێری و بەڵگەكردنی هێرشەكانی توركیا.

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند: بۆردومانی دووبارەی توركیا بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان لە رۆژئاوای كوردستان سیاسەتی برسیكردن و داگیركارییە ئەمەش تاوانی جەنگە.
عەبدی لە تویتێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە راشیگەیاند: لەماوەی ئەمساڵدا ئەوە سێیەمین جارە هێرشی لەم شێوەیە لەلایەن توركیاوە دەكرێتە سەر رۆژئاوای كوردستان كە ئامانج لێی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەیە.

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەشڵێت: لە كاتێكدا دانیشتوانی ناوچەكە خۆیان ئامادە دەكەن بۆ پێشوازیكردن لە ساڵێكی نوێ و سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانمان لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ هێنانەدی سەقامگیری، كەچی ئەنقەرە پێداگری دەكات لەسەر سیاسەتە شەڕانگێزە ناڕەواكانی و هەناردەكردنی كێشە ناوخۆییەكانی.
بەپێی راپۆرتەكانیش، زیانی بۆردومانەكەكانی توركیا بۆ سەر دامەزراوەكانی نەوت و غازو كارەباو دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی تری رۆژئاڤای كوردستان ملیارێك دۆلاری تێپەڕاندووە.
ئەكرەم سلێمان، هاوسەرۆكی فەرمانگەی وزە لە ناوچەی جەزیرە ڕایگەیاند: وێستگەكانی گواستنەوەی دێرك، تەربەسپی، تەل كۆچەر، تەل حەمیس، تەل عەلۆ، باكوری قامشلۆ، باشووری قامشلۆ، عامودێ و وێستگەی تەربەسپی هەموویان بەهۆی بۆردومانی توركیاوە لەكاركەتوون كە كارەبای زیاتر لە نیوەی ڕووبەری ناوچەكەیان دابین دەكرد.

هاوسەرۆكی فەرمانگەی وزە لە ناوچەی جەزیرە ئاماژە بەوەشدەكات، ناوچەكە بەشێوەیەكی سەرەكی بەدەست كێشەی كارەباو سوتەمەنی و گازەوە دەناڵێنێت، بەئامانجگرتنی ئەو دامەزراوانەش بە تاوانی جەنگ دەزانێت دژی گەلی سوریا.
بەپێی ئەو ئامارانەشی لەبارەی زیانە گیانیەكانی بۆردومانەكانی توركیاشەوە بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاڤای كوردستان بڵاوكراونەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو زیاتر لە 136 هاوڵاتی شەهیدو بریندار بوون.

ئاوارە حسێن هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی و راگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات كە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان تاوانی نێودەوڵەتیەو، دەڵێت: ئەو داگیركاری و بۆردومانانەی توركیا دەیكات بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان تاوانی نێودەوڵەتییەو بەمەبەست دەكرێت.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەشی وت: دەوڵەتی توركیا تاوانی جەنگ و جینۆساید تاوانی دوژمنكاری بەرامبەر خەڵكی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە.
هەر لەوبارەیەوە نوسەر سەردار عەزیز، دەڵێت : بۆمبارانكردنی ژێرخان و بنكەی مەدەنی و ئابورییەكانی ڕۆژئاڤا لە لایەن توركیاوە، تاوانی جەنگە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار