ئەمریكا لەتۆڵەی برینداربوونی سەربازەكانی لەهەولێر، سەرباز و میلیشیا عێراقیەكانی پێكەوە كردە ئامانج
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەڵامی ئەمریكا بۆ برینداربوونی سەربازەكانی لەهەولێر دوانەكەوت، كە لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە دوێنێ كرایە سەر بنكەیەكی سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێر .
لەوەڵامەكەی ئەمریكادا كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26-12-2023 بوو بۆ سەر پێگەی چەند گروپێكی چەكداری عێراقی كە نزیكن لەئێران بووە هۆی كوژرانی چەكدارێك و برینداربوونی 24 چەكدار و سەربازی عێراقی كە 10 یان سەربازی عێراقین.
ئەمجارە ئەمریكا چەند بنكەیەكی میلیشیا شیعەكانی لەنزیك بابل و واست كردە ئامانج و وێرانكارییەكی گەورەی لەو بنكانە جێهێشت، هەرزووش پنتاگۆن پشتڕاستیكردەوە كە چەند پێگەیەكی چەكدارانی نزیك لەئێرانیان لەعێراق كردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو هێرشەكان وەك وەڵامێك بوون بۆ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر فەرمانبەران و سەربازانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا لەلایەن ئەو میلیشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، باسی لەوەشكردووە ئەو هێرشەی لەلایەن گروپێكی سەربەئێران كرایە سەر بنكەی هاوپەیمانان لەهەولێر بووەتە هۆی برینداربوونی سێ سەربازیان.
پنتاگۆن دەشڵێـت ئەمریكا نایەوێت ئاڵۆزیەكان لەناوچەكەدا زیاتر ببن بەڵام ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی.
بەپێی ئامارێك لەحەوتی ئۆكتۆبەری ڕابردوەوە كە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرساوە دەیان هێرشكراوەتە سەر بنكەكانی ئەمریكا لەعێراق و سوریا و لە 17 ی ئۆكتۆبەریشەوە بەدیاریكراوی 103 جار هێرشكراوەتەسەر بنكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی لەعێراق و سوریا.
هێرشی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە كە بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لەناوچەكە بكاتە ئامانج، بەڵكو هەشتی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا بە مووشەك هێرشكرایەسەری بەڵام هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوو و هیچ لایەنێكیش بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاند.
هەرچەندە حكومەتی عێراق ڕایگەیاندووە چەند كەسێكیان دەستگیركردووە لەو كەسانەی كە ئەمریكیەكان لەعێراق دەكەنە ئامانج و پەیوەندییان بە هێزە ئەمنیەكانەوە هەبووە، بەڵام زۆربەی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر ئەمریكیەكان لەعێراق گروپێك بەناوی "بەرگری ئیسلامی" بەرپرسیارێتییان دەگرێتە ئەستۆ.