وەزارەتی پەروەردە داوای مووچە لەمامۆستایان دەكاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
زیاتر لە 100 ڕۆژە هۆڵەكانی خوێندن لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەداخراوی ماونەتەوە، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت ئاسۆیەكی ڕوون بەڕێوەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافی مامۆستایان، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت داوای مووچەكانیان لەژمارەیەك مامۆستای وانەبێژ كردووەتەوە.

دڵشاد میرانی نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند: "بەنوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی كوردستان ڕۆژی ٢٤ی مانگ ئامادەبووین لە دووەم دانیشتنی دادگایكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەوەی كە ئەم حكومەتە بەشێوەیەكی نایاسایی پلە بەرزكردنەوە كە مافی هەموو فەرمانبەرێكی میریە وەستاندووە، هاوكاتی ئەوەش بەبێ بوونی هیچ بنەمایەكی یاسای مووچەی مووچەخۆران نادات ".

دڵشاد میرانی وتیشی :" لە دانیشتنەكەدا كە حكومەتی هەرێم بە دوو پارێزەر بەشداربوو، بۆمان ڕونبوویەوە كەوا ئاسۆیەكی ڕوون بەڕێوەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافە خوراوەكانمان ، چۆن لە شەقام بەڵێنمان پێدان مافەكانتان وەردەگرینەوە، دڵنیاتان دەكەینەوە ٢١ی مانگی داهاتوو كە دانیشتنی سێهەمی دادگایە دادگا ئەم كەیسە لە سودی مامۆستایان و فەرمانبەران یەكلایی دەكاتەوە، هەموومان دڵخۆش دەبین و بەمافی ڕەوای چەند ساڵەمان دەگەین".

نوێنەری دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی ڕاشیگەیاند : "لێرەوە پەیاممان ئەوەیە كە هەموومان بەتاسەوە چاوەڕیی ئەو سەركەوتنە بكەین لەمانگی داهاتوو كە حكومەت ناچار دەكەین مل بۆ داوا ڕەواكانمان بدات، دڵنیابن تاسەندنەوەی مافەكانمان هەرگیز كۆلنادەین و پشوونادەین" .

هاوكات، كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"لەپاش وەرگرتنی شایستەی دارایی ژمارەیەك مامۆستای وانەبێژ لەسلێمانی لەلایەن پەروەردەوە داوایان لێكراوە پارەكە بگەڕێننەوە بۆ خەزێنە".
وتیشی:"بەو مامۆستایانەیان وتووە كەمتر لە 12 بەشە وانەتان هەبووە و بەوهۆیەوە دەبێت ئەو پارەیەی وەرتان گرتووە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنە، لەكاتێكدا وەزیری پەروەردە خۆی وتوویەتی مامۆستایانی وانەبێژ كەمتر لە 12 وانەش بڵێنەوە جگە لەو پارە جێگیرەی بۆیان دانراوە پارەی وانەكانیان بۆ هەژمار دەكرێت".
كارزان فیزیك دەشڵێت:"لەكاتێكدا وەزارەتی پەروەردە داوای پارەی بەشە وانەكان لەمامۆستایان دەكاتەوە هێشتا داواكاری مامۆستایانی جێبەجێنەكردووە كە خۆی لەپێدانی مووچە لەكاتی خۆیدا و پلەبەرزكردنەوە و ڕێگرینەكردن لەچوونە سەر بەغدای مووچەی مامۆستایان دەبینێتەوە".

هاوڵاتی لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەوە كرد بەڵام پەیوەندیەكانیان بەردەست نەبوون.

زیاتر لەسێ مانگ و بەدیاریكراوی 103 رۆژ بەسەر وادەی دەستپێكردنەوەی وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت، بەڵام تائێستا لەپارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان دەرگای ناوەندەكانی خوێندن نەكراونەتەوەو مامۆستایان ئامادەنین بایكۆت بشكێنن، وەزیری پەروەردەش دەڵێت هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە خوێندنی ئەمساڵ لەسلێمانی و هەڵەبجە نەفەوتێت.

بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بەیەكەم رۆژی دەسپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دیاریكرا، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردو تائێستاش چارەنووسی پڕۆسەكە نادیارە.

بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دواكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێك، تائێستاش چارەنووسی موچەی مانگەكانی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم نادیارە، بەهۆی ئەم دواكەوتنەشەوە مامۆستایان نەچوونەوە هۆڵەكانی خوێندن و بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بەنیازن وەزری دووەمیش درێژە بەبایكۆت دەدەن، بەو هۆیەشەوە لەسنووری سلێمانیدا خوێندن لەهەزارو ٣٩٠ ناوەندی خوێندندا پەكیكەوتووە بەم شێوەیە دابەشبوون: ١٠٦ باخچەو هەزار قوتابخانەی بنەڕەتی و ٢١ دواناوەندی و ٢١٧ ئامادەیی و ٢٣ ناوەندی فێركردنی خێراو ١٦ ناوەندی پیشەیی و دوو كۆمەڵگەو پێنج ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواری.

رۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەقوتابخانەی «نالی بنەڕەتی تێكەڵاو» لەهەولێر بەبۆنەی رۆی ئاڵاوە وتەیەكی پێشكەشكردو وتی: هەموو هەوڵێكی ئێمە ئەوەیە كە خوێندنی ئەمساڵی ئەو ناوچانە نەفەوتێت، ئەوەی پێویست بێت لەسەر شانی ئێمە وەك وەزارەتی پەروەردە لەڕووی تەكنیكییەوە ئامادەین بۆ ئەوەی بتوانین هاوكاری بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكانی سلێمانی  و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان بین.

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم وتیشی: ئومێدەوارین مامۆستایان بگەڕێنەوە ناوەندەكانی خوێندن و دەستبكەنەوە بەپڕۆسەكە، چونكە كاتێكی زۆر رۆیشتووە، دەستپێنەكردنی دەوام كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ئەو ناوچانە هەبووە كەدەوامیان تێدا نەكراوە، بەڵام ساڵی خوێندن دواناخرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار