سەرەڕای ئاستەنگییەكان، ئیسرائیل پێشنیارێكی میسر بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززە تاوتوێدەكات

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكییان وتووە حكومەتی جەنگ لە ئیسرائیل لەدواین كۆبوونەوەیاندا تاوتوێی پێشنیارێكی میسریان كردووە بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززە.
وەك ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی پێكردووە پێشنیارەكەی میسر پلانێكی ئاشتی لەخۆدەگرێت بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگەی 11 هەفتەیە بەردەوامە، بەشێك لەپێشنیارەكە ئەوەیە ڕێگا بدرێت ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لەغەززەن ئازاد بكرێن، لەبەرامبەریشدا 140 زیندانی فەلەستینی ئازاد بكرێن.
بەوتەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشنیارەكە پێكهێنانی حكومەتێكی ڕاگوزەری لەكەرتی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا لەخۆدەگرێت كە سەرجەم لایەنە فەلەستینیەكان لەخۆ بگرێت.
 كۆبوونەوەی حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل پاش ئەو فشارانە دێت بۆ ئازادكردنی 129 بارمتەی ئیسرائیلی لەحكومەت دەكرێت هاوكات بەرزبوونەوەی بەردەوامیی ڕێژەی كوژراوانی سوپا لەو ئۆپەراسیۆنە وشكانییەدا كە نزیك دەبێتەوە لە 160 ڕۆژ.
هەوڵەكەی میسر و گفتوگۆی پێشنیارەكەی لەلایەن حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل لەكاتێكدایە، لەمیانی سەردانیدا بۆ بەرەكانی جەنگ لەباكوری غەززە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند جەنگ ناوەستێت و تا كۆتایی بەردەوام دەبێت.
لەوتارێكدا لەڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بنیامین ناتانیاهۆ سێ مەرجی پێشوەختی بۆ وەستاندنی شەڕ لەغەززە پێشنیار كردوووە، ئەوانیش لەناوبردنی تەواوەتی حەماس و چەكداماڵینی ئەو حزبە، هاوكات لەناوبردنی توندڕەوی لەناو فەلەستینەكاندا.
لەبەرامبەردا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەكۆشكی سپی ئەمریكا پێشنیارەكەی میسری ڕەتكردووەتەوە ، بەپاساوی ئەوەی بوونی حەماس لەهەر حكومەتێكی كاربەڕێكەردا لەفەلەستین پێچەوانەی ئامانجی ئیسرائیلە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو حزبەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا هۆشداریشیداوە لەوەی ئازادكردنی زیندانییە زیندانییە بەتەمەنەكانی فەلەستین ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی حكومەتە ڕاستڕەوەكەی ئیسرائیل دەبێتەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا جەختیشیكردووەتەوە پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەر لەفەلەستین لەلایەن فەتح و حەماسەوە پێویستی بە ئاشتبوونەوە و كاركردنی پێكەوەییە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار