ناتانیاهۆ بۆ ئەردۆغان: تۆ جینۆسایدی کورد دەکەیت باسی ئەخلاق لەگەڵ ئێمە مەکە
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ڕۆژی چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێکس سەرکۆنەی ئەو لێدوانەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد کە تیایدا بە " هاوشێوەی هیتلەر " ناوی برد کاتێک بیر لە کردەوەکانی دەکاتەوە لە جەنگی غەزەدا.
ئهمڕۆ لە میانی بهشداریكردنی بۆنەیەکدا رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆكی توركیا رایگهیاند: نەتەنیاهۆی سهرۆكی ئیسرائیل جیاوازییەکی ئهوتۆی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەردا نییە و ئهو هێرشهی كه دهكرێته سهر كهرتی غهززه له فەڵەستین ههمان مامهڵهی نازییەکانە كه بهرامبهر بهجولهكه دهكرا.
لە وڵامی قسەکانی ئەردۆغاندا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕۆ کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی قسەکانی ئەردۆغانی دایەوەو دەڵێت،" ئهردۆغان کە زۆرترین ژمارەی رۆژنامەنوسانی زیندانی کردووە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ شێوازی حکومڕانییدا نین و جینۆساید دژی گهلی کورد دهكات، دوا کەسە باسی ئەخلاق لەگەڵ ئێمه بکات."
ڕەخنەکانی ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل لە ئێستادا چڕتر بوونەتەوە و ئەردۆغان لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە لە وڵامی ئەمەشدا، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل بێنی گانتز لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، "من سەرکۆنەی لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان دەکەم. ئەو قسانەی کە بە ئاشکرا شێواندنی واقیع و وێرانکردنی یادەوەری هۆلۆکۆستن. حەماس ئەو ڕێکخراوەیە کە کۆمەڵکوژییەکی قێزەونی ئەنجامدا. لابردنی هەڕەشەی حەماس لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل پێویستییەکی ئەخلاقی بێهاوتایە."
هاوکات ئیسرائیل بڕیاری گەڕاندنەوەی نوێنەران و دیپلۆماسییه ئیسرائیلییهكانی لە تورکیا داوەو لهبهرامبهریشدا تورکیا دەڵێت باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بۆ ڕاوێژکاری بانگهێشت دەکاتەوە، بەڵام پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ناپچڕێنێت.
زیاتر لە دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە دوای ئەوەی لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند و کەرتی غەززە چووە نێو دۆخی جەنگەوە هاوکات تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکانی تەندروستیی غەززەشەوە،تائێستا 21 هەزار و 110 کەس کوژراون هەروەها 55 هەزار و 243 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.