ئێران سێ كوردی بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەسێدارەدا
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
درەنگاونی شەوی پێنج شەممە 28ی كانوونی یەكەمی 2023 سێ هاوڵاتی كورد ، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە دران.
بە پێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، كاتژمێر 11ی شەوی پێنج شەممە 28ی كانوونی یەكەمی 2023 سێ هاوڵاتی كورد بە ناوەكانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕخازوو، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە دران.
وەك ڕێكخراوی هەنگاو باسیكردووە هەر لەم دۆسیەیەدا سزای سێدارە بۆ ژنێك بە ناوی نەسیم نەمازی بڕاوەتەوە، بەڵام سزاكەی بە شێوەی كاتی راگیراوەو هەروەها بە بنەماڵەی لەسێدارە دراوەكانیش راگەیەندراوە كە تەرمی كوڕەكانیان رادەست ناكرێتەوە.
لەسێدارەدانی ئەو سێ كوردەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دوای ئەوە دێت كە 25ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی رەزا مووسەوی، لە سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە كوژرا، دوا بەدوای كوشتنی مووسەوی، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان لە ئیسرائیل كرد.