وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرش بۆسەر بارەگایەكی ڕوونكردنەوە دەدات
"مافی وەڵامدانەوەمان دەبێت"
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو هێرشەی لەسنووری هەولێر بەدرۆنی بۆمبڕێژكراو لە 30-12-2023 كرایە سەر بارەگایەكیان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، ڕاشیدەگەیەنێت" بەتوندی سەركۆنەی دەكەین".
لەڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆسەر بارەگاییەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، کە لە بەرواری٢٠٢٣/١٢/٣٠ لە سنوری پیرمام-ھەولێر لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچوەکان ئەنجام درا.
سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، زامنیی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەشە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، بانگی حکومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین، کە کە پاڵپشتمان بن بۆ راگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسیارانەدا، کە دەبێتە ھۆی ئاشووبی زیاتر بۆ ھەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.
" ھەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستیانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن،
دووپاتیشی دەکەینەوە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک ھەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت". وەزارەتی پێشمەرگە وادەڵێت.