ئاماری هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لەساڵی 2023 دا

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
هێزەكانی سوریای دیموكرات ژمارەی هێرشەكانی توركیای بۆ سەر ناوچەكانی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ئاشكراكرد، ئاژانسێكی ڕۆژئاوای كوردستانیش ئاشكرایكردووە كۆی گشتی بە ئامانجگرتنی شوێنەكان بەهۆی هێرشەكانی توركیا 121 شوێن بووە بە 179 هێرش .
هێزەكانی سوریای دیموكرات ژمارەی هێرشەكانی توركیای بۆ سەر ناوچەكانی بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموكراتی، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا و ژمارەی قوربانییەكانیان و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە لەلایەن هێزە سەربازییەكانیانەوە ئەنجام دراون لە چوارچێوەی  وەڵامدانەوەی شەرعیدا بۆ ئەو هێرشانە ئاشكرا كرد.
بەگوێرەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، توركیا ٧٩٨ جار ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردوەتە ئامانج كە ٥٧٨ جار بە چەكی قورس، ١٠٣ جار بە فڕۆكەی سەربازی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و خۆكوژی، ٢٥ جار بە چەكی ئاسایی و دوو جاریش بە مین و تەقەمەنی هێرشەكان ئەنجامدراون.
بەپێی ئامارەكان، هێزەكانی سوریای دیموكرات بە ١٤٣ ئۆپەراسیۆنی دژ بە توركیا و میلیشیا چەكدارەكانی دڵسۆزی توركیا وەڵامی داوەتەوە و ئەو ئۆپەراسیۆنانەش بوونەتە هۆی كوشتنی٢٣٧ كەس كە ٥٢ سەربازی توركیایان تێدابووە، ئەوانی تریش لە میلیشیا چەكدارەكانی دڵسۆزی توركیا بوون، جگە لە برینداربوونی ٢٩٥ كەس و لەنێویاندا ٩١ سەربازی توركیا، هەروەها تێكشكاندنی دەیان ئۆتۆمبێل و شوێنی سەربازی.
هەسەدە رایگەیاندووە، ناوچەكانیان لەلایەن شانەكانی ڕژێمی سوریاوە هێرشیان كراوەتە سەر، ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە هێزە سەربازییەكان بووەتە هۆی ئەوەی ١٧٣ شەڕەڤان لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی توركیا و شانەكانی ڕژێمی سوریا شەهیدببن.
لەماوەی ئەمساڵدا ٣٩ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە كە ١١ یان منداڵن، هاوكات ژمارەی بریندارەكان گەیشتووەتە ٩٨ كەس كە ١٥یان سەربازن، هەسەدە وادەڵێت.
هاوكات ئاژانسی نۆرس پرێسی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاویكردەوە: هەفتەی ڕابردوو توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی دەستپێكرد و بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران رۆژئاوای كوردستانی كردە ئامانج، لە ئەنجامدا جیا لە زیانی گیانی زیانی زۆر بە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكان و دامەزراوە خزمەتگوزاری و گرنگەكان كەوت.
كۆی گشتی بە ئامانجگرتنی شوێنەكان بەهۆی هێرشەكانی توركیا 121 شوێن بووە بە 179 هێرش، توركیا نەخۆشخانەكانی كردە ئامانج، لەوانە نەخۆشخانەی شوشتنی گورچیلە و كارگەی ئۆكسجین، لە قامشلۆ، جگە لە بنكەی تەندروستی مەشتە نور لە كۆبانی.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش، دەستەی تەندروستی بەڕێوەبەری خۆسەری لە شاری قامشلۆ ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی شۆردنی گورچیلە و وێستگەی ئۆكسجین كە پێداویستیی نەخۆشخانەكانی شارەكە و گوندەوارەكانی دابین دەكرد، بە تەواوی لە كاركەوتوون، لە ئەنجامی بۆردومانەكەی توركیا. پێشتر، هاوسەرۆكی دەستەی تەندروستی لە هەرێمی جەزیرە، مەعتەر عەباس لە لێدوانێكدا بۆ نۆرس پرێس ڕایگەیاند، كارگەی ئۆكسجین و نەخۆشخانەی شوشتنی گورچیلە لە گرنگترین سەنتەرەكان دادەنرێت كە رۆژانە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ دانیشتوانی ناوچەكە پێشكەش دەكرد.
ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەشكرد، نەخۆشانی شوشتنی گورچیلە ڕووبەڕووی ئازارێكی گەورە دەبنەوە، چونكە تاكە سەنتەرە كە ئەو خزمەتگوزارییانە لە ناوچەكەدا پێشكەش دەكات، لەكاتێكدا وێستگەی ئۆكسجین توانای دابینكردنی پێویستی نەخۆشەكانی بۆ ئۆكسجین نەماوە، هەروەها سەنتەری جێگرەوە نییە.
هەڕەشەكانی توركیا بەردەوامن لە كردنە ئامانجی ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان لە رۆژئاوای كوردستان، سەرەڕای بەڵێنەكانی ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بەم هەڕەشە و هێرشانە، بەپێی ئەوەی جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاندووە كە ئەمەریكا بەڵێنی راگرتنی ئەو هێرشانەی داوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار