بەراوردێک لەنێوان بوومەلەرزە بەهێزەکەی ژاپۆن و تورکیا
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بوومەلەرزەکەی تورکیا: ٧.٨ پلە و ٥٥ هەزار گیان لەدەستدان
بوومەلەرزەکەی ژاپۆن: بە گوڕی ٧.٦ پلە، گیان لەدەستدان تەنها ٥٠ کەس
مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە تورکیا کە سوریاشی گرتەوە کە بەگوڕیی ٧.٥ و ٧.٨ بوون زیاتر لە ٥٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوێنێ ڕۆژی دووشەممە لە ژاپۆن بوومە لەرزەیەک بەهەمان گوڕ تەنها بووە هۆی مردنی ٥٠ کەس.
دوێنێ بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بوومەلەرزەیەک ژاپۆنی هەژاند کە چەقەکەی شاری ناناو-ی پارێزگای ئیشیکاوا بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و هەزاران باڵەخانە و هێلێ شەمەندەفەر و میترۆ دارماون، بەڵام تاوەکو ئێستا گیان لەدەستدان بەهۆیەوە تەنها ٥٠ کەسە، ئەوەش بەهۆی ئەو سیستەمە ئاڵۆز و پێشکەوتووەی کە بۆ دیاریکردن و هۆشداریدانی بوومەلەرزە لە ژاپۆن پەرەی پێدراوە وبیناکانیشی بە بەرزترین تایبەتمەندی ستاندارد دروستکراوون بۆ بەرگری لە بومەلەرزەی بەهێز.
ئەوەی جێگای باسە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ دا بەهۆی روودانی دوو بەمەلەرزەی بەهێز لە تورکیا و سوریا، زیاتر لە چل و پینج هەزار کەس گیانیان لەدەست دا لە تورکیا، ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی شەقامی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا و حکومەتەکەی ئەردۆگانیان بەوە تاوانبارکرد لە کەمتەرخەمیکردن بۆ پەرەدان بەشێوازێکی سەرکەوتووی بیناسازی بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان کە بەرگەی ڕودانی بومەلەرزە بگرن. هاوکات خراپ بەڕێوەبردنی دەیان ساڵەی حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدانی ئاشکراکرد و خستیە ژێر گوشارێکی گەورەوە.
بوومەلەرزە بەهێزەکەی ژاپۆنیش لەکاتێکدایە کە لەدوای ساڵی ٢٠١١ ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزەیە روویدابێت، کە ئەوکات بە گوڕی ٩ پلە بوو و بووە هۆکاری مردنی زیاتر لە حەڤدە هەزار کەس و ڕوودانی تسۆنامیش، بەڵام هێشتا ئاماری گیانلەدەستدانی تەنها نیوەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بوو.