دادگای باڵای ویلایەتێكی ئەمریكا هەوڵی دورخستنەوەی ترامپ دەدات لەهەڵبژاردنەكان
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ماوەی چەند هەفتەیەكە دادگای باڵای ویلایەتی كولۆرادۆی ئەمریكا هەوڵی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەدات لەهەڵبژاردنی ئامادەسازی پارتی كۆماری .
دادگاكە بە پشتبەستن بە یاسای 14ی دەستكاریكراوی دەستووری ئەمریكا لەمانگی تەموزی 1868، پێیوایە كە دۆناڵد ترامپ شایەنی دووبارە خۆ كاندیدكردنەوە نییەو دەبێت لە هەڵبژاردنەكان دوور بخرێتەوە.
یاسای ژمارە 14ی دەستووری ئەمریكی
لەدوای جەنگی ناوخۆی ئەمریكاو كوژرانی 600 هەزار كەس لەو جەنگەدا، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا دەستییان بەچەند چاكسازی و گۆڕانكارییەك كرد لە دەستووری ئەمریكی و یاسای ژمارە چواردەش بەدەر نەبوو لەو چاكسازییانە، بەواتایەكی تر بەهۆی چاكسازی لە مادەكانی ئەم یاسایە كۆیلەكان مافی ئازادی و یەكسانیان لەبەرامبەر یاسا و ژیانییان بە دەستهێنا، چاكسازییەكەش لەلایەن ویلایەتەكانی باشوورەوە بەتوندی رەتكرایەوە، بەڵام دواجار ناچار بوون رازی بن بەچاكسازییەكان.
بەندی سێیەمی یاساكە
بەپێی بەندی سێیەمی یاسای چواردە لە دەستووری ئەمریكیدا، دەتوانرێت گشت ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران و نوێنەران كە لە فەرمانەكان یاخی بوون و دەسەڵاتەكانیان بەخراپ بەكار هێناوەو بەشێوەیەك لەشێوەكان زیانیان بەژیانی گشتی گەیاندووە .
هەر بەپێی بەندی سێیەمی یاساكە هەموو ئەو كەسانە دووردەخرێنەوە كە تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەو یاخی بوون لەدەوڵەتی بەسەردا ساخ بێتەوە یان خود یارمەتی لایەنێكی دەرەكییان لە دژی بەرژەوەندییەكانی ووڵات دابێت.
هەر بە پێی ئەو بەندەش دادگاكە بەتۆمەتی پشێوی نانەوەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاو هاندانی لایەنگرەكانی بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان لەلایەن دۆناڵدترامپەوە، هەوڵی دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردنەكان و سڕكردنی دەدات.