عێراق رەتیدەکاتەوە لە هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی هاوکاریی ئەمریکایان کردبێت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربازی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی به‌ئامانجگرتنی باره‌گای حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌ و ره‌تیشیكرده‌وه‌، هیچ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌نێوان عێراق و ئه‌مریكا له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا هه‌بوبێت.
 
شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربازی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكردۆته‌وه‌، دوێنێ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا لێدوانێكی داوه‌ و تیایدا ئاماژه‌ی به‌ بونی هاوكاری له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی كردوه‌ له‌و هێرشه‌ی كه‌ باره‌گای حه‌شدی شه‌عبی كرده‌ ئامانج، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ جه‌خت له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ توندی بونی هاوكارییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لێدوانه‌كانه‌وه‌، هێرشه‌كه‌ی دوێنێ به‌بێ ئاگاداری هیچ لایه‌نێكی سه‌ربازی یان ئه‌منی عێراق ئه‌نجامدراوه‌، وه‌ك چۆن هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ كه‌ شوێنه‌ ئه‌منییه‌كانیان كردۆته‌ ئامانج".

دوێنێ پێنجشەممە 4-1-2024 لەئەنجامی بۆردومانێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ سەر بنكەیەكی بزوتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی  بەغدا، موشتاق تالیب سەعیدی ناسراو ئەبو تەقوا، ئامر لیوای 12ی بزوتنەوەكەو عەلی نایف عەرەفی ناسراو بە عەلی ئەبوو سەجاد بەرپرسی پاڵپشتی لۆجیستی بزووتنەوەی نوجەبا كوژران و 6 كەسی دیكە بریندار بوون.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیاندا، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختدەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە "بە گیانی یەک تیمی لەژێر سەرپەرشتیی سەرکردایەتی و رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاردەکات و کردوویەتی، بەردەوامیش ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان و چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییە یاساییانەی هەن."

هاوکات سوودانیش سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە مەڕاسیمی چوارەمین ساڵەى کوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس رایگەیاند؛جەخت لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق دەکەینەوە و دەڵێت، "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەیەکین بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق."   

ئەو بۆردوومانەی ئەمریکا لە بەغدا دەرگاى زیاترى لەسەر داواکارییەکان بۆ دەرچوونى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق کردەوە. کاردانەوەى بەشێک لە بەرپرسانى سیاسیی شیعە لەسەر ئەو رووداوە بە ئاڕاستەى کۆتاییهێنان بوو بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار