شەڕی بایدن و ترامپ دەستپێدەكات
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جۆ بایدن هێرشی توند دەكاتە سەر دۆناڵد ترامپ و بە دیكتاتۆرو مەترسییەكی ڕاستەقینە بۆ سەر ئەمریكاو ئازادی ناوی دەبات، ترامپیش بایدنی بەكەسێكی "ساختەچی و فاشیل" ناساندوە.
بەم قسانە جەنگی دەرونی و پێكدادانی زارەكی لەنێوان بایدن و ڕكابەرە سەرسەختەكەی دەستی پیكردوەو پێدەچێت رۆژ بەڕۆژیش جەنگەكە گەرمتر بێت.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكیدا لە نزیك فالی فۆرجی ویلایەتی بنسلفانیا، هێرشی توندی كردە سەر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشوی ئەمریكاو جگە لەوەی بە نازی و دیكتاتۆر ناوی برد، بەمەترسییەكی ڕاستەقینەشی بۆ سەر ئەمریكاو ئازادی ناساندی.
بایدن جگە لەهێرشكردنە سەر ترامپ، هێرشیكردە سەر لایەنگرانیشی و بەكۆمەڵێك كەسی توندوتیژو مایەی گاڵتەجاری وەسفی كردن.
دوابەدوای قسەكانی بایدن، دۆناڵد ترامپی 78 ساڵە كە سەڕەرای تۆمەتباركردنی بە چوار مادەی تاوان و لادان لە یاسا، هێشتا خەون بەوە دەبینێت جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ كۆشكی سپی، قسەو تۆمەتەكانی بایدنی تەمەن 81 ساڵەی بەمایەی بەزەیی وەسف كردو بەكەسێكی "ساختەچی و فاشیل و دوودڵ" ناساندی.
هەرچەندە بەپێی ڕاپرسییەكی ئاژانسی فرانس پرێس، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەڕێژەیەكی كەم لە پێش بایدنەوەیە، بەڵام پێدەچێت جەنگی نێوان ئەم دوو ركابەرە سەرسەختە لە هەفتەو مانگەكانی داهاتوودا بگاتە لوتكە، بەتایبەتیش كە دۆناڵد ترامپ چەندین دۆسییەی یاسایی لە سەرەو دووجار لەلایەن دادگای ویلایەتەكانەوە بەتۆمەتی تێكدانی باری ئاسایشی ووڵات، هەوڵی دوورخستنەوەی لە خۆكاندیدكردنەوەو بانگەشەی هەڵبژاردنی درا.
بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمریكاش هاوشێوەی ترامپ رووبەڕووی چەند دۆسییەكی یاسایی كراوەتەوە، بەتایبەتیش كێشەكانی هانتەری كوڕی، هەروەك چۆن پشتگیری جەماوەریشی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوەو لەلایەن هەندێك هەواداری حزبی دیموكراتەوە، تۆمەتباركراوە بەوەی نەیتوانیوە وەك پێویست لە جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا ڕۆڵێكی كارا بگێرێت و لەڕاگرتنی ئەو جەنگەدا سەركەوتوو نەبووە.
جێی ئاماژەیە وابڕیارە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 24 ی تشرینی دووەمی 2024دا بەڕێوە بچێت.