ئیسرائیل: یەکەی فەرماندەیی حەماس لە غەزە بەتەواوی لەناوبراوە
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سووپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە تەفروتوونا کردنی هەیکەلی فەرماندەیی بزووتنەوەی حەماس لە باکووری غەزە سەرکەوتوو بووە.
هەر لەم چوارچێوەیە ، دانیال هاگاری ، ووتەبێژی سووپای ئیسرائیلی ، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە لە ئێستادا چەکدارەکانی حەماس بە شێوەی پەرش و بڵاو و بەبێ فەرماندەیی لە باکووری غەزە چالاکن .
ناوبراو ئەوەشی بە رۆژنامەنووسان راگەیاند ، کە تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار چەکداری حەماس کوژراون.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئێستادا سووپای ئیسرائیل بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجاری فەرماندەیی حەماس لە باشوور و ناوەراستی غەزە هەموو هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە .
هاوکات دوێنێ شەمە ، حزبوڵای لوبنانی رایگەیاند کە ؛ە وەلامی کوژرانی ساڵح عاروری ،سەرکردەی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە بەیروتی پایەتەختی لوبنان ، بە 62 رۆکێت هێرشی کردۆتە سەر ئیسرائیل و هێرشەکانیش تا کاتی تۆڵەکردنەوەی تەواو بەردەوام دەبن.
دوابەدوای راگەیاندنەکەی حزبوڵای لوبنانیش، سووپای ئیسرائیلی رایگەیاند ، کە لە باشوری لوبنانەوە بە نزیکەی 40 رۆکێت هێرش کراوەتە سەر ناوچەی شاخی مرون لە باشووری ئیسرائیل.
هاوکات حکومەتی جەنگ لە ئیسرائیلدا هەموو هەوڵە دیبلۆماسییەکانی راگرتنی جەنگی تا ئێستا رەت کردۆتەوە و بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکی ئیسرائیل لە وتەیەکیدا رایگەیاند ، کە جەنگەکە تا ڕاماڵین و کۆتایی هاتنی بزوتنەوەی حەماس بەردەوام دەبێت و لەسەر هێنانەدی ئامانجەکانمان سوورین.
لەلایەکی دیکەوە ، سەرچاوە تەندرووستییەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ئاشکرایان کرد کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا نزیکەی 22 هەزار کەس کووژراون.