سێنتکۆم: بە موشەک و فڕۆکە هێرشکراوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم) رایگەیاند  حووسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێت درەنگانی شەوی سێ شەممە بە کاتی یەمەن، بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر هێڵی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە باشووری دەریای سوور.

لە راگەیاندنی ئەم دامەزراوە سەربازییەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە دراوە کە حووسییە یەمەنییەکان، لەم هێرشەدا سودیان لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی ئیران و مووشەکی کرووز و دژە کەشتی و هەروەها مووشەکی بالستیکی دژە کەشتی وەرگرتووە.

سێنتکۆم هەروەها ئەڵێت، کە فڕۆکە جەنگییە FA-18 ەکانی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، بەرپەرچی ئەم هێرشانەیان داوەتەوەو ١٨ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی و دوو مووشەکی کرووزی دژە کەشتیان لەناو بردوە.

لە درێژەی ئەم راگەیاندنەدا هاتووە کە لەم هێرشانەدا هێڵی کەشتیوانی نێودەوڵەتی زیانی پێ نەگەیشتووەو توانراوە هێرشەکان بەرپەرچ بدرێتەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی سینتکۆم بڵاوی کردۆتەوە، لە ١٩-١١-٢٠٢٣ەوە، ئەمە ٢٦ ەمین جارە لە لایەن حووسییەکانەوە هێرش ئەکرێتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور.

حووسییەکان لە گەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە رایانگەیاند بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان، ئەو کەشتیانەی کە سەر بە ئیسرائیلن یان بەرەو ئیسرائیل ئەڕۆن، ئەکرێنە ئامانج. بەمەشەوە زۆربەی ئەو کەشتیانەی کە لەم ماوەیەدا لە لایەن حووسییەکانەوە کراوەتە ئامانج پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە نەبووە.

هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەشتییەکان، وایکردووە ئەمریکا هێزێکی تایبەتی دەریاوانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور پێک بهێنێت.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار