سعوودییە ئامادەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

باڵیۆزی سعوودیە لە بەریتانیا ئەڵێت وڵاتەکەی ئامادەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل دوای جەنگی غەزە، بەڵام هەرچەشنە ئاسایی کردنەوەیەک ئەبێ بەو مەبەستە بێت کە وڵاتێکی سەربەخۆی فەلەستینی دروست بکرێت.

شازادە خالید بن بەندەر، باڵێۆزی سعوودییە لە بەریتانیا بە بی بی سی راگەیاند، ئەو هەواڵانەی کە بە نێوانگیری ئەمرکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سعوودییە لە ئارادابوو نزیک بوو بەوەی بە ئەنجام بگات، بەڵام دوای هێرشێ ٧ی کانوونی یەکەمی حەماس بۆ ئیسرائیل گفتوگۆکان راگیران.

باڵێۆزی سعوودییە لە وتووێژ لەگەڵ بی بی سی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە وڵاتەکەی سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی قوربانییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە جێی نیگەرانییە و زۆر زۆرە، بەڵام سعوودییە هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەیە پێویستە پەیوەندی ئاسایی بکرێتەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام لە ئێستادا بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی بەسەر خەڵکی فەلەستیندا دێت، رەوتەکە راگیراوە.

 

باڵیۆزی سعوودییە هەروەها وتی، ئەوەی لە غەزە دەقەومێت و بەردەوامی ئەو دۆخە، سەرەڕای داواکاری کۆمەڵگای جیهانی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، شکستێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی.

باڵیۆزی سعوودیە هەروەها وتی ، چاوەڕوانی ئەوەیان لە بەریتانیا هەیە، هاوسەنگی لە هەڵوێستەکانیاندا بپارێزن و بە هەمانشێوە کە لەگەڵ لایەنەکانیتر هەڵسووکەوت ئەکەن هەر واش بن لەگەڵ ئیسرائیل. لەبەرچاو نەگرتنی ئەوەی ئیسرائیل دەیکات ئێستا کێشەیەکی گەرەیە ، لەبەرئەوەی وا ئەکات بیر لە ئاشتی نەکرێتەوە.

ئەکرێت سعوودییە بە رێبەری دونیای عەرەب و ئیسلام بزانرێت. سعوودیە وڵاتە لە ساڵی ١٩٤٨ەوەو دوای دروستبوونی ئیسرائیل هیچ چەشنە پەیوەنییەکی لەگەڵ ئیسرئیل نەبووەو ئەگەر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بە ئەنجام بگات، ئەکرێت وەک هەنگاوێکی گەورەو سەرکەوتنێکی مەزن بۆ ئیسرائیل بزانرێت.

مانگی ئەیلوولی رابردوو، محەممەد بن سەلمان، جێگری پاشای سعوودییە، لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند وتووێژەکان بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر باش چۆتە پێش و نزیکە لەوەی بە ئەنجام بگات.

هەرچەن محەممەد بن سەلمان لە قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پرسی فەلەستینییەکان بەلای سعوودییەوە زۆر گرینگە و هەرچەشنە رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل ئەبێ بەو مەبەستە بێت کە ژیانی فەلەستینییەکان ئارامی زیاتری تێا بێت بەڵام لە قسەکانیدا هەرچەشنە رێککەوتنێکی لەگەڵ سعوودییە گرێ نەدایەوە بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە زۆر دژی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی وڵاتانی ئیسلامییە لەگەڵ ئیسرائیل. لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دا و لە گەڵ نزیکبوونەوەی سعوودییە و ئیسرائیل لە رێککەوتن،  سێ رۆژ بەر لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، عەڵی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ئەکەنەوەو بە قومار لەسەر گای دۆڕاو ناوی برد. هەروەها لە قسەکانیدا باسی لە توانای بەرگری بزووتنەوەی فەلەستین کرد بەرامبەر بە ئیسرائیل و شارەزایان قسەکانی خامنەیی وەک فەرمانی جەنگ لێک ئەدەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار