وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: ئێرانمان ئاگادار كردوەتەوە

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند بەردەوامی هێرشەكانی حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان ئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوەو ئێرانمان ئاگادار كردۆتەوە دەستبەرداری پشتیوانیكردنی حوسییەكان بێت.
ئەنتۆنی بلینكین وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ چوار شەمە 10ی كانونی دووەمی 2024، لەكاتی سەردانیدا بۆ وڵاتی بەحرەین رایگەیاند "بەردەوام هەوڵمان ئەوە بووە ئێران ئاگادار بكەینەوە، وەك چۆن وڵاتانی تریش ئەمكارەیان كردووە، ئەوەی كە پشتیوانیكردن لە حوسییەكان، بەتایبەت بەهۆی ئەمكارانەیەوە پێویستە رابگیردرێن".
دوای دەستپێكی جەنگی غەزەو دەستپێكی ئەم جەنگە لەلایەن حەماسەوە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت و پەرچەكرداری توندی ئیسرائیلییەكان، گروپە میلیشیاكانی سەر بەئێران لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەكان لە یەمەن و گرووپە میلیشیا شیعەكان لە عێراق هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمان و ئیسرائیل زیاتر كردووە.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ئەمڕۆ رایگەیاند"حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن درەنگانی شەوی سێ شەممە بەكاتی یەمەن، بە موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیانكردۆتە سەر هێڵی كەشتیوانی نێودەوڵەتی لە باشووری دەریای سوور.
لە راگەیاندنی ئەم دامەزراوە سەربازییەی ئەمریكادا ئاماژە بەوە دراوە كە حوسییە یەمەنییەكان، لەم هێرشەدا سودیان لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی دروستكراوی ئێران و موشەكی كرووز و دژە كەشتی و هەروەها مووشەكی بالستیكی دژە كەشتی وەرگرتووە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی سینتكۆم بڵاویكردۆتەوە، لە رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2023ەوە تا ئێستا 26 جار لەلایەن حوسییەكانەوە هێرش كراوەتە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سوور.
حوسییەكان لەگەڵ دەستپێكی جەنگی غەزە رایانگەیاند "بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە فەلەستینییەكان، ئەو كەشتیانەی كە سەر بە ئیسرائیلن یان بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، دەكرێنە ئامانج، بەمەشەوە زۆربەی ئەو كەشتیانەی كە لەم ماوەیەدا لەلایەن حوسییەكانەوە كراوەتە ئامانج پەیوەندییان بەئیسرائیلەوە نەبووە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار