فوئاد حسێن: هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێم مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق دروستدەكات
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند ئەو هێرشانەی دەكرێنەسەر هەرێمی كوردستان، هێرشە بۆ سەر حكومەتی ناوەندی و ئەگەر هێرشە درۆنییەكانیش بۆ سەر هەرێم بەردەوام بێت كاریگەری لەسەر ئاسایشی هەموو عێراق دەبێت.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێكەوتێكیدا لەگەڵ كەناڵی (العربیە)، وتی "نامانەوێ پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكادا ئاڵۆز بێت و لەپێش دانوستانەكانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریكی بۆ كشانەوەی هێزەكانیان، دەبێت پێش هەموو شتێك ناوخۆی وڵات ئارام بێت و پاشان بەپێی بەرەوپێشچونی دانوستانەكان بڕیار بدرێت لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا یان دانانی خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراقدا".
ئەوەشی وتوە "تەنها عیراق دەتوانێت بڕیار لەسەر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق یا رۆیشتنیان بدات، هێزەكانی هاوپەیمانانیش لەسەر داوای حكومەتی عیراقی لەوڵاتەكەدا بوونیان هەیە".
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی "چەند مانگێك پێش ئێستا وەفدێكی سەربازی عێراقی سەردانی واشنتۆنی ئەمریكایان كردووە، بەڵام لە ئێستادا دانوستانەكان سەبارەت بەم بابەتە ڕاوستاوەو لەداهاتویەكی نزیكدا دووبارە دەستدەكەینەوە بەدانوستانەكانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریكیدا".
لەبارەی هێرشە درۆنیەكانییشەوە، فوئاد حسێن دەڵێت "بەغداد لەگەڵ ئاشتی و ئارامی وڵاتدایەو ئەم خواستەشمان بە ئەمریكییەكان راگەیاندوە، هەر وەك چۆن ئەوەشمان بە ئەمریكییەكان وتووە كە رووداوەكانی ئەم ماوەیەی پێشوو مایەی قبوڵكردن نین" .
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وتوە "بەشێك لەو كێشانەی كە بەرۆكی عیراقی گرتووە، پەیوەستە بە كێشەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لە ناوچەكەدا، بێگومان ئەو كێشانەش لەناوخۆی عێراقدا رەنگی داوەتەوە، هەروەها بەشێكی دیكەی كێشەكان پەیوەستن بەوڵاتانی دراوسێ و لەمبارەیەوە بەغداد بەمەبەستی گەیشتن بەڕێكەوتنێكی ئەمنی هاوشێوەی ئێران، چەند گفتۆگۆیەكی چڕی لەگەڵ لایەنی توركیدا ئەنجام داوە".
وتیشی "بەهیچ شێوەیەك رێگە بە هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی نادەین ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە".
ماوەیەك لەمەوبەر هێرش و پەلامارەكانی گروپە نزیكەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنكەو سەبازگەكانی هێزەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووەو ئەمریكاش لەڕێی بۆردومان و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە و كە دیارترینییان بۆردومانەكەی سەر بنكەیەكی حەشدی شەعبی بوو لە جادەی فەڵەستینی بەغداد.