ئەمریكا بەتۆماهۆك هێرشیكردەوە سەر حوسییەكان
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جارێكی تر سوپای ئەمریكی هێرشی بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن ئەنجامداو چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكانی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن كردوەتە ئامانج.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەسەر پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"هێزەكانمان لەڕێی كەشتی سەربازی (یوئێس ئێس كارنی دی دی جەی 64) بەموشەكی تۆماهۆك چەند هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی حوسی ئەنجامداوە".
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكادا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەم هێرشە درێژكراوەی هێرشەكەی دوێنێیە كە بە مەبەستی كەمكردنەوەی توانای حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور ئەنجامیان دەدا".
كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكیش بڵاویكردەوە كە هێرشەكان بۆ سەر چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوەو بە ئەندازەی هێرشەكەی 12ی مانگ فراوان نەبووە.
رۆژی هەینی 12ی 1ی 2024 هێزەكانی ئەمریكاو بەریتانیا بەمەبەستی ڕێگریكردن و توانای حوسییەكانی یەمەن لە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو كەشتییە بازرگانییانەی دەریای سوور، چەند هێرشێكی موشەكییان بۆ سەر بنكەی چەكدارەكانی ئەو گرووپە ئەنجامدا.