بایدن: ئەمریكا نایەوێت شەڕی بریكاری لەگەڵ ئێران بكات

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
سەرۆك كۆماری ئەمریكا رۆژێك دوای هێرشی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر بنكەو شوێنەكانی حووسییەكان لە شوێنە جیاوازەكانی یەمەن، رایگەیاند ئەمریكا نایەوێت جەنگی بریكاری لەگەڵ ئێران بكات.
جۆ بایدن سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەكاتی سەردانیدا لە پێشانگای كارو پیشە بچوكەكان لە شاری ئەلێنتۆن لە ئەیالەتی پێنسیلڤانیای ئەمریكا، لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لێیان پرسی ئاخۆ حوسییەكان گرووپێكی تیرۆریستین، وەڵامی دایەوە "لام وایە تیرۆریستن".
جۆ بایدن دوای هاتنە سەركاری لە ساڵی 2021، حوسییەكانی لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستەكان دەركرد.
بەرپرسانی دەوڵەتی جۆبایدن مانگی تشرینی دووەمی 2023،رایانگەیاند"سەرقاڵی تاووتوێكردن و هەڵسانگاندنی دووبارەی دۆخی حوسییەكانن". 
سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوتەكانیدا دەربارەی هێرشەكەی رۆژی هەینی بۆ سەر حوسییەكان، جەختی لەوەكردەوە كە ئەو هێرشە زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوەوە، بەڵام سەركەوتوو بووەو بەشی زۆری سەركەوتنەكەی بۆ ئەوەی زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە".
بایدن لە قسەكانیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمریكا لە ئێستادا لە جەنگی بریكاریدا نییە لەگەڵ ئێران. 
سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا كە ئاخۆ ئەمریكا لە گەڵ ئێران لە جەنگێكی بریكاریدایە؟ وتی:" نەخێر، پێشتر ئێرانم ئاگادار كردۆتەوە، ئەوان ئەزانن نابێ هیچ كارێك بكەن".
سەرۆكی ئەمریكا لە درێژەی قسەكانیدا وتی"ئێمە دەمانەوێ دڵنیا بین ئەگەر حوسییەكان بەردەوام بن لەم ئاكارە شەڕخوازانەیان، لەگەڵ هاوپەیمانەكان وەڵامی شیاویان بدەینەوە".
سوپای ئەمریكا رایگەیاند"ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرەبەیانی هەینی زیاتر لە 30 دامەزراوەو بنكەی سەربازی حوسییەكانیان لە یەمەن كردۆتە ئامانج".
هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە (سینتكۆم)، بەرەبەیانی شەممە رایگەیاند سوپای ئەمریكا بنكەیەكی راداری حوسییەكانی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن كردوەتە ئامانج.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەسەر پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"هێزەكانمان لەڕێی  كەشتی سەربازی (یوئێس ئێس كارنی دی دی جەی 64) بەموشەكی تۆماهۆك چەند هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی حوسی ئەنجامداوە".
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكادا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەم هێرشە درێژكراوەی هێرشەكەی دوێنێییە كە بەمەبەستی كەمكردنەوەی توانای حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور ئەنجامیان دەدا".
كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكیش بڵاویكردەوە كە هێرشەكان بۆ سەر چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوەو بەئەندازەی هێرشەكەی 12ی مانگ فراوان نەبووە.
بە پێی راپۆرتی سێنتكۆم، حووسیەكان لە دوو مانگی رابردوودا 28 جار هێرشیانكردۆتە سەر ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای سوورو كەنداوی عەدەن لە هاتووچۆدان.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار