کۆڕبه‌ندی ئـابووریی داڤــۆس ٢٠٢٤

10 مانگ لەمەوپێش



هیوا ناسیح

کۆڕبهندی ئابوریی جیهانی (WEF) بریتییه لهکۆڕبهندێک یان رێکخراوێکی دامەزراوەیی و لۆبیی، لهساڵی ١٩٧١ لهلایهن ئابوریناسی ئهڵمانی کلاوس شڤابهوه دامهزراوه، کاتی خۆی وهک (وهقف)ێک واته رێکخراوێک یان پلاتفۆرمێکی قازانج نهویست بۆ دیالۆگ لهنێوان کۆمپانیاکانی ئهوروپا دامهزرا، تالهوێدا سیاسییهکان و ئابوریناسانی ئهوروپا گفتوگۆ لهبارهی گرفت و کێشه دارایی و بازرگانییهکانهوه بکهن، لهپێناو فهراههمکردنی کهشێکی لێکتێگهشتن لەنێوانیاندا، که لهبهرژهوهندی ژیان و گوزهران و دارایی خهڵک و دانیشتوانی وڵاتهکانیاندا بێت. بهڵام لەئێستادا گومان زۆره کهئامانجهکهی خۆی پێکابێت یان تهنانهت لهسهر رێبازی خۆشی بهردهوام بێت.

بارهگای سهرهکی رێکخراوهکه لهناوچهی کۆلۆگنییه لهکانتۆنی ژنێڤ، نوسینگهشی لهچهندان شوێنی تری جیهان ههیه وهک لهپهکین، نیویۆرک، سانفرانسیسکۆو تۆکیو. بهڵام ساڵانه کۆنفرانس یان کۆڕبهندی خۆی لههاوینهههواری داڤۆس، که لهکانتۆنی گراوبیوندن لهنێو شاخهکانی ئهڵپدایه لهسویسرا سازدهکات، ئهم رێکخراوه تاساڵی ١٩٧٨ ناوی (کۆڕبهندی بهڕێوهبردنی ئهوروپا) بوو، لهو ساڵه بهدواوه بهنێوی (کۆڕبهندی ئابوریی جیهانی) ناسرا. لهساڵی ٢٠١٥هوه وهک رێکخراوێکی نێودهوڵهتی دانی پێدانراوه. رێکخراوهکه خۆی وا پێناسهدهکات، که ناسیاسیی و بێلایهن و سهربهخۆیه لهڕووی ئایدۆلۆجی و بیروبۆچوونهوه. پلهی راوێژکاریی لهڕێکخراوی ئاشتی و کۆمهڵایهتی سهر بهنهتهوهیهکگرتووهکان دراوهتێ. لهژێر چاودێریی توندی وهزارهتی ناوخۆی وڵاتی سویسرادا رێکدهخرێت.

دروشمی ئهم رێکخراوه (بهرهو باشترکردنی رهوشی جیهان)ه. ساڵانه لهمانگی کانونی دووهم یان شوباتدا کۆنفرانسی گشتی خۆی سازدهکات. که بهسهدان رۆژنامهوان، شارهزای ئابوری، سیاسهتمهدار، هونهرمهند، زاناو کهسایهتی کۆمهڵایهتی و بهناوبانگی جیهانی تێیدا بهشداریی دهکهن. بهشێوهیه‌‌کی گشتی باس لهکێشه ئابوریی و سیاسی و کۆمهڵایهتی و تهندروستیی و پیسبوونی ژینگه دهکهن. ئهم رێخکراوه ناوداره جیهانییه بهردهوام لهجیهاندا کۆنفرانسی تریش سازدهکات و بهڕێکوپێکیش راپۆرت و لێکۆڵینهوه چاپ و بڵاودهکاتهوه.

زۆر جاران لهمیانهی سیمینارو کۆڕو کۆبوونهوهکانی کۆڕبهندهکهدا رووداوی گرنگ روویداوه، وهک ساڵی ١٩٨٨ ههردوو وڵاتی تورکیاو یۆنان، کهگرژییهکی سهربازی و سیاسیی زۆر لهنێوانیاندا دروست ببوو، رێکهوتنیان واژوو کرد، که پهنا بۆ شهڕ نهبهن و ململانێکانیان بهگفتوگۆ چارهسهربکهن، ههروهها ساڵی ١٩٩٢ ئاشتیخوازی ناوداری باشوری ئهفریقا نیلسۆن ماندێللا لهگهڵ سهرۆکی ئهوکاتی حکومهتی باشوری ئهفریقا فرهدریک دیکلێرک بۆ یهکهمجار بەئاشکراو لهدهرهوهی ئهو وڵاته کۆبوونهوه. ساڵی ٢٠١٨ش سهرۆکی تورکیا رهجهب ئهردۆغان و سهرۆکی ئیسرائیل شیمعون پیرێز دهمهقاڵێی توند لەنێوانیان دروست بوو، ئهردۆغان وهک ناڕهزایی مێزگرده‌‌کهی بهجێهێشت

 

بهشداربووانی کێن و کێ باربووی دهکات؟

کۆڕبهندهکه لهلایهن نزیکهی ١٠٠٠ کهسایهتی و رێکخراو کۆمپیانیاو بانکی جیهانییهوه لهڕووی ئابورییهوه باربوو دهکرێت. بهشداریی و بهئه‌‌ندامبوونی ئهمانه بهئامانجی بهشداربوونه لهنهخشهدانان و پلانڕێژیی بۆ داهاتووی ئابوری و بازرگانی لهسهرانسهری جیهاندا. لهساڵی ٢٠٠٥ هوه بڕی ئابوونهی ئهندامانه به ٤٢ ههزارو پێنجسهد فرهنکی سویسری (نزیکهی ٥٠ ههزار دۆلار) دیاریکراوه، بڕی ئابوونهی بهشداری لهکۆبوونهکانی دیداری سهرۆکهکانیش لهکۆڕبهندهکه‌‌دا ٢٥ ههزار فرهنک (٢٩ ههزار دۆلار) ههندێک باجی زیادهش دهچێته سهری، واته بهگشتی بۆ بهشدارییکردن لهکۆڕبهندهکهدا بۆ کورسییهک پێویسته نزیکهی ٣٠ ههزار دۆلار بدرێت. دیاره هیچ کهسێک لهسهرۆکی وڵاتان داوهت ناکرێن، بهڵکو ئهوه خۆیانن گهر بیانه‌‌وێت پێویسته داواکاریی بهشداریی پێشکهش بکهن و ئهم بڕه پارهیه پێشهکی بدهن، ئینجا رهزامهندیی یان داوهتنامهیان بۆ دهنێرن، ههڵبهت ئهم وتهیه بۆ سهرۆکوهزیران یان سهرۆکی ههرێمی کوردستانیش راستهو داوهت ناکرێن، بهڵکو داواکاریی بهناویانهوه پێشکهشکراوهو ئهو بڕه پارهیهی بۆ دراوه تابهشداریی بکات. بهڵام دهکرێت داوهت بۆ کهسایهتییهکی گرنگی جیهانی بنێردرێت، که‌‌ لهسهر ئاستی نێودهوڵهتیدا زۆر ناسرا بێت، یان هونهرمهندو کهسانێکی وا کهبیانهوێت پاره بۆ پرۆژهیهکی خێرخوازیی و مرۆیی ببهخشن.

سهبارهت بهتێچوونی دابینکردنی ئاساییش و سهلامهتی ژیان و گیانی بهشداربووان که به‌‌ههزاران کهس دهبن، پارهیهکی زۆرو خهیاڵی سهرف دهکرێت. ههر بۆ نموونه ساڵی ٢٠١٩ حکومهتی سویسرا نزیکهی یانزه ملیۆن دۆلاری لهم بوارهدا سهرفکردوه، کهمهبهست لێی بهکارخستنی ههزاران پۆلیس و سهربازو هێزی ئاسایشی تایبهتیی و مهشقپێکراوو هێلیکۆپتهرو ..هتد. بهشێکی ئهم پارهیهش حکومهتی وڵاتهکه دابینی دهکات. بۆ نموونه لهههر پێنج رۆژی کۆنفرانسه‌‌کهدا بهردهوام چهندان هێلیکۆپتهری پێشکهوتوو چاودێری شارۆچکهکهو دهوروبهری ده‌‌کات.

دیاره وڵاتی سویسرا سودێکی بێ ئهندازه لهسازکردن و بهڕێوهبردنی کۆنفراسی ساڵانهی رێکخراوهکه دهبینێت، لهڕووی برهو پهیداکردن بۆ بازرگانی و گهشتیاریی و پهرهپێدان و ناوبانگ بۆ بهرههمی وڵاتهکه، کهگهشهیهکی زۆر بهئابوریی سویسرا دهدات، بۆ نموونه ساڵی ٢٠١٧ ئهم وڵاته بهگشتی لهم بارهیهوه ٩٤ ملیۆن دۆلار قازانجی کردووه.

بهشێوهیهکی گشتی ههمیشه بهشداربووانی کۆنفرانسی سهرهکی زیاتر لهههزار ئهندام دهبن، کهنوێنهرایهتی، وڵاتان و رێکخراوی ناحکومی و ئاینی و کۆمپانیای میدیایی و بانک و کۆمپیانیا بهرههمهێنهره جیهانییهکانه لهههموو بوارهکاندا. هاوکات و هاوتهریبیش دهیان کۆڕو کۆبوونهوهو سیمینار سازدهکرێت و لهپهراوێزی ئهمانهشدا چهندان کۆبوونهوهو دیداریی دووقۆڵی و سێقۆڵی و گروپ بهجیاجیا ساز دهدرێت، جا هی کهسایهتییه دیپلۆماتی و سیاسییهکان بن یان خاوهنکارو کۆمپانیاکان.

 

کۆڕبهندی داڤۆسی ٢٠٢٤

ئهمساڵ کۆڕبهندهکه له ١٥ تا ١٩ی کانوونی دووهم واته پێنج رۆژ دهخایهنێت و گرنگییهکی تایبهتی ههیه، چونکه پهنجاوچواره‌‌مین ساڵهی سازکردنیهتی. لهکهشێکی ساردی ژێر ٥ پله‌‌ی سهدی، کهداروبهردو درهخت و خانووبهرهکان نیومهتر بهفر دایپۆشیون، لهداڤۆس، کهوهک دهڵێن بهرزترین شاره لهڕووی دهریاوه لهئهوروپاداو ئاووههوایهکی سازگارو پاکی ههیه، ههربۆیه بووەته جێنزرگه بۆ توشبووانی ههندێک نه‌‌خۆشی و چهندان نهخۆشخانهو نشینگهی چاکبوونهوهو ئاساییبوونهوهی نهخۆشییهکانی ههناسهدان و پێست و هی تری تێدایه. نووسهری ناسراوی ئهڵمانی ههڵگری خهڵاتی نۆبڵ تۆماس مان کاتێک نهخۆشی سیلی ههبووه و بۆ چاکبوونهوه لهوێ ژیاوه، رۆمانێکی بهناوی (شاخی ئهفسوناوی) لهسهر ئهم شارۆچکهیهو ناوچهیه نووسیوه، لهوێدا باس لهوهدهکات، که بههۆی جوانی و ئهفسوناوی ناوچهکهو پاکی ئاووههواکهی ئهوێ، دهکرێت مرۆڤ دیدێکی تری بۆ ژیان و گهردوون ههبێت. جێی باسه‌‌ منیش که لهم وڵاته دهژیم، زۆرجار سهردانی ئهو شارۆچکهیه‌‌م کردووهو بهسروشتی ناوازهی ئهو شارۆچکه‌‌یه سهرسام بوومه.

کۆڕبهندی ئهمساڵ لهژێر ناونیشانی (بنیاتنانهوهی متمانه‌‌)داو لهپاڵ نزیکهیدوو هەزارو ٨٠٠ میوان لهسهرۆک و نوێنهرانی کۆمپانیا جۆراوجۆرهکانی جیهان، نزیکهی دوو ههزار کهسایهتی سیاسی و ئابوریناس و خاوهنکاری سهرمایهداری گهوره (بزنسمان) که ١١٩ کهسیان ملیاردێرن، کهسانی تری ناسراو لهسهر ئاستی جیهان بهشداری دهکهن، کهکاریگهری ناوبانگ و کهسایهتییان بۆ سهر سیاسهت و تهکنهلۆژیاو چارهنووسی مرۆڤ و جیهان ههیه. لهنێو بهشداربووانیش ٦٠٠ کهسیان قسهکهر دهبن، واته وتهیان دهبێت لهکۆڕبهندهکهدا.

که‌‌وهک حکومهتی سویسرا رایگهیاند، تێچوونی هێزه‌‌کانی پۆلیس و ئاسایش و رێوشوێنی پاراستنی و هاتووچۆو گواستنهوهی (بهچوار هێلیکۆپتهر لهفڕگهی زویرخهوه بۆ داڤۆس و گه‌‌ڕاندنهوهی بۆ فڕگهکه) بهرزه، کۆبوونەوەی کەسانی زلهێز لەهەموو جیهانەوە ئاڵهنگارییەکی گەورەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان. بۆ نموونە سەردانەکانی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لەئۆکرانیا، ئیمانوێل ماکرۆن لەفەرەنسا و ئیسحاق هێرزۆگ لە ئیسرائیل پێویستی بەڕێوشوێنی توند هەیە. خاڵی پشکنین و قەناس بەدەست و ناوچەی دژەفڕین و چەند دەیان کیلۆمەتر سیاج تەنها چەند رێکارێکن. تا پێنج هەزار کارمەندی سوپا پاڵپشتی پۆلیس دەکەن بۆ ئەو کۆبوونەوە پێنج رۆژە. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی فیدراڵی، تێچووی زیادەی ئاسایش دەگاتە نزیکەی نۆ ملیۆن فرانکی سویسری (نزیکهی ١٠ ملیۆن و نیو دۆلار).

 

بابهتهکانی کۆڕبهندی ئهمساڵ چین؟

لهبابهته گرنگهکانی بۆ ئهمساڵ دانراون باس بکرێن  بریتین له:

-شهڕی ئۆکراینا، زێلێنسکی سهرۆکی ئهو وڵاته دێت و وتاری دهبێت. لهپهراوێزی کۆڕبهندهکهشدا کۆنفرانسێک بهناوی کۆنفرانسی ئۆکراینا ههر لهداڤۆس سازدهکرێت. راوێژکارانی ئاسایش لەزیاتر لە ٨٠ وڵاتەوە باس لەداهاتووی ئۆکرانیاو بەناو فۆرمولەی ئاشتی ئۆکرانیا دەکەن بەپلانێکی ١٠ خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی دەستدرێژی رووسیا. بەڵام ئەمانە گفتوگۆی ئاشتی راستەقینە نین. چونکه نوێنهری روسیا لەوێ نییە. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسەش ئەوەیە کەهاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا بهیهکڕیزی بمێننەوە.

-ململانێی خۆرههڵاتی ناوهڕاست، شهڕی ئیسرائیل-غهززه، هێرشی سهربازی ئهمریکاو بهریتانیا بۆ سهر حوسییهکان، لهمبارهوه سهرۆک کۆماری ئیسرائیل ئیسحاق هێرزۆگ بهشداری دهکات، ههروهها وەزیرانی قەتەرو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە بەناوبژیوان لەململانێکان دادەنرێت. ئوردن، لوبنان، عێراق و قەتەریش یهکی بهوهزیرێک بهشداری ده‌‌کهن.

-زیرهکی دهستکردو ئاڵنگارییەکانی، چۆن دەتوانرێت ئەو تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنرێت بۆ سوودگەیاندن بەهەمووان؟ چ رێسایەک پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چ مەترسییەک؟ چ داهێنانێک دەکرێت و چۆن ئهمه دەتوانێت کارلێک لەگەڵ بایۆتەکنەلۆژیادا بکات؟ هەروەها میوانێکیان سام ئاڵتمانە، که دامەزرێنەری رۆبۆتی چاته ChatGPT.

-ئهگهری سهرههڵدانی پهتای جیهانگریی نوێ

-گۆڕانی کهشوههوا

-هێرشه ئهلهکترۆنییهکان

 

بهشداربووان کێن؟

سهرۆکی کۆمسیۆنی یهکێتی ئهوروپا، سهرۆکی نهتهوهیهکگرتوهکان، سهرۆکی فهڕهنسا، سەرۆکوەزیرانی چین لی کیانگ، سهرۆکی ئۆکراینا، سویسرا، ئیسرائیل، ئهرجهنتین بهشداری دهکه‌‌ن. بهڵام جێگهی سهرنجه ئه‌‌مساڵ سهرۆکی ئهمریکا جۆ بایدن و راوێژکاری ئهڵمانیا بهشداری ناکهن، هیچ کهسێکیش بهنوێنهرایهتی روسیا ههروهها ئێران به‌‌شداری ناکات.

لهبواری ئابورییهوه، بانکدارە ناوەندییەکان- لەنێویاندا کریستین لاگارد لەبانکی ناوەندی ئەوروپاو تۆماس جۆردن سەرۆکی بانکی نیشتمانی سویسرا - هەروەها هەزارو ٦٠٠ سەرکردەی بازرگانی باس لهئاڵنگارییهکان دهکهن کهڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری جیهانی بوونەتەوە، بۆ نموونه: گەشەی مامناوەند، رێژەی سوی بەرز، مەترسییە سیاسییەکان، کاریگەرییەکانی دوای پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی قەرزەکان. هەروەها کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان نوێنەرایەتییەکی باشیان هەیە: وتاردەران بریتی دەبن لە مارک بێنیۆف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پسپۆڕی نەرمەکاڵای کۆمپانیا Salesforce، سەرۆکی مایکرۆسۆفت ساتای نادێلا و ئەلێکس کارپ لەکۆمپانیای شیکاری داتاکان Palantir. هەروەها ملیاردێری دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت بیل گەیتس میوان دەبێت.

 

کۆڕبهندهکه دهتوانێت چی بکات؟

له‌‌کۆبوونهکانی کۆڕبهندهکهدا قسهوباس و گفتوگۆ لهسهر بابهته ئابورییهکان، ههروهها دارایی جیهان، بازرگانی و کۆمپانیاو بانکهکان، رهوشی تهندروستی جیهانی و پهنابهران و ..هتد دهکرێت. ههروهها بابهتهکانی گۆڕانی کهشوههواو پاراستنی بایۆلۆژیی جۆرهکانی رووهک و گیانهوهران، لابردنی قهرزه بهرزو درێژخایهنهکان لهسهر وڵاتان، دوورخستنهوهی ئهگهری جهنگی تهکنهلۆژی، دروستکردنی پاراستن و پردی پهیوه‌‌ندی لهنێوان ملیاران مرۆڤ، چارهسهری قهیرانه سیاسی و مرۆییهکان و هتد قسهیان لهبارهوه بکرێت، ههروهها باس لەنوێترین پێشنیارەکان دەکەن بۆ پێشکەوتن لەبوارەکانی ئاسایشی جیهانی، بازرگانی، گەشەی ئابووری، دامەزراندن، پاراستنی کەشوهەواو سروشت، گواستنەوەی وزە، گۆڕانکاری تەکنەلۆژی و خۆشگوزەرانی و تەندروستی دهکرێت.

 

رهخنهگران چی دهڵێن؟

ساڵانهو لهڕۆژانی کۆڕبهندهکهدا لهو کهشه سهرماو سۆڵهو سهختهدا بهسهدان کهس لهچهپهکان و نهیارانی سهرمایهداریی جیهانیی خۆپیشاندان لهنێو شارهکهدا سازدهکهن. دیاره ئهمان دژی کۆنفرانسهکهن و پێیان وایه که تهنها سود بهسهرمایهداران و بازرگانان و وڵاته زلهێزهکان دهگهیهنێت و ههژاری و بێکاری و بێدادی زیاتر لهگهڵ خۆی دێنێت.

رهخنهگرانی کۆڕبهندی ئابوریی جیهانیی داڤۆس دهڵێن، کهئهمه تهنها کۆبوونه‌‌وهی تووێژێکی ههڵبژاردهی جیهانه لهسهر ئاستی ملیاردێرو خاوهنکارهکان کهئابوری و دارایی وڵاتان بهڕێوهدهبهن، بۆ دروستکردنی تۆڕێکی په‌‌یوهندی بۆ بهرژهوهندی خۆیان. زانای ئابوریناس و ههڵگری خهڵاتی نۆبڵ جۆزێڤ ستیگلیتز که لهساڵی ١٩٩٥هوه بهردهوام بهشداریی ئهم کۆڕبهندهی کردووه دهڵێت: کۆڕبهندهکه سهرهڕای زیادبوونی نادادی و نایهکسانی لهجیهاندا و گۆڕانی که‌‌شوههوا بەههلپهرستانه بهرهو پێچهوانهی گلۆبالیزهیشن ههنگاو ههڵدهگرێت. ناوبراو زیاتر دهڕوات و دهڵێت (لەکۆڕبهندی داڤۆسدا باس لهدابهزاندن و کهمکردنهوهی باجی دهوڵهمهندهکان ههروهها نابهرپرسیارێتی بهرامبهر کێشهکانی جیهان دهکرێت).

له‌وەڵامدا رێکخه‌رانی کۆڕبه‌نده‌که‌ ده‌ڵێن که‌زۆرێک له‌به‌شداربووان له‌ڕێکخراوه‌ ناحکومییه‌کانه‌وه‌ دێن. هه‌وه‌ها نوێنه‌رانی زۆر له‌ڕێخکراوه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤیش به‌شدارن تێیدا. بۆ نموونه‌ رێکخراوی جیهانی (ئۆکسفام)یش که بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و گه‌شه‌پێدانی ته‌ندروستی و زانیاریی له‌جیهاندا خه‌بات ده‌کات، به‌شداری ده‌کات، که‌ساڵانه‌ راپۆرتێک له‌سه‌ر دۆخی نایه‌‌کسانی و بێدادی و هه‌ژاری له‌جیهاندا بڵاوده‌کاته‌وه‌. هه‌روه‌هاش وه‌ک داکۆکی لێی ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ هه‌لێکی ده‌گمه‌نه‌ که‌نوێنه‌رانی رێخکراوه‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌کان رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ سیاسییه‌کان، ئابوریناسان، ده‌وڵه‌مه‌ندان و نوێنه‌رانی کۆمپانیاکانی جیهاندا گفتوگۆ بکه‌ن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار