سودانی: هێرشەكەی ئێران پەیوەندیی پتەوی بەغداو تارانی تێكداوە
10 مانگ لەمەوپێش
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند هێرشەكەی ئێران پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ سەر پەیوەندییە پتەوەكەی نێوانمان و عێراق مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنە یاسایی و دیپلۆماسیەكانی بگرێتەبەر.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆڕبەندی داڤۆس بەمیدیا عێراقییەكانی راگەیاندوە "هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستدرێژییەكی ڕوونە بۆ سەر سەروەری عێراق و پێشهاتێكی مەترسیدارە كە پەیوەندیی پتەوی تاران و بەغدای تێكداوە".
كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی دووشەممە بەچەند موشەكێكی بالیستیكی زیرەكی جۆری (خەیبەر شكێنی 3) هێرشیكردە سەر هەولێرو لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە 16 كەسی تریش بریندار بوون، سەرەڕای زیان گەیاندن بە چەندین خانوو و موڵكی خەڵكی مەدەنی كە لە دووری شەس سەد مەتر لە ماڵەكەی پێشڕەو دزەیی كە خۆی و منداڵەكەشی لە هێرشەكەدا شەهید بوون كەوتبوونە ژێر كاریگەری هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێران.
ئەمەش كاردانەوەی جیهانی لێكەوتەوە، هەروەها ناكۆكیەكی نا ئاسایی لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا بەدوای خۆیدا هێنا، بەغداد وەك ناڕەزایەتیەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە تاران بانگهێشتكردەوە، هاوكات بەرپرسی كاروباری ئێرانیشی لە بەغداد بانگهێشتكرد.
لەبەرامبەریشدا تاران پێداگریكرد كە هێرشەكە بەمەبەستی ڕاگرتنی هەڕەشە سیخوڕەكانی ئیسرائیلە بووە.
لەبارەی هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بەو هێرشەی سوپای پاسداران، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوەكردۆتەوە" عێراق مافی خۆیەتی هەموو ئەو ڕێوشوێنە یاسایی و دیپلۆماسیانە بگرێتەبەر كە هەیەتی وەك نەتەوەیەكی خاوەن سەروەری".
ئەمەش لەكاتێكدایە ئێران لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هێرشی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو ڕایگەیاندوە"ئەو ناوچەیە وەك گۆڕەپانی گرووپە دابڕاو و جوداخوازەكانی ئێرانن و بریكاری دووژمنە سەرسەختەكەی ئێرانن كە ئیسرائیلە".
بۆ ئەو مەبەستەش بەغدا هەوڵی چارەسەركردنی نیگەرانییەكانی ئێرانی سەبارەت بەحزبەكانی رۆژهەڵاتی ئێران لە ناوچەكەدا داوە، لەو چوارچێوەیەشدا كاری بۆ گواستنەوەی بەشێك لە ئەندامانی هەریەك لەو حزبانە داوە لەچوارچێوەی ڕێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ تاران لە ساڵی 2023دا، بەڵام هێرشەكان بەردەوامن لەژێر بیانووی جۆراوجۆردا، كە دواینیان لێدانی هەرێمی كوردستانە بە بیانوویی "سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل".