سودانی هۆكاری سەرەكی دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كار دەكەن لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆڕبەندی داڤۆسی  سویسرا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی لەبارەی دەستپێكردنەوە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم رایگەیاند "ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لەسەر خەرجكردنی پارەكانیان، هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە نزیكەی 10 مانگە راگیراوە". 

 سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو "كۆمپانیاكانی نەوت، پرسێكیان هەیە لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەكە، گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە رێككەوتنێكی فەرمی".
سودانی باسی لەوەشكردوە "لە مانگی رابردووەوە لەنێو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنێكن بۆ گۆڕانكاری لە بودجەی عێراق، تاوەكو لە رێگەی گۆڕانكارییەكانەوە بتوانن پارەی كۆمپانیا بیانییەكان بدەن".  
رۆژی 25ی ئاداری 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارێكی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار