وتەبێژی كۆمسیۆن: تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدەنگی مردو و زیادە پاكراوەتەوە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، لەبەرئەوەی تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە میدیای فەرمی یەكێتی وتوە" كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە پێی یاسای هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات، هاوكات كۆمسیۆن كۆمەڵێك ڕێنمایی و بڕیار دەردەكات، لەگەڵ ئەو تۆمارو ئامێرانەی لەبەردەستدا هەیە، گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف دەدات".
وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی خستوەتەڕوو " كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشت بەتۆماری دەنگدەرانی عیراق دەبەستێت، چونكە پێیوایە تۆمارەكەپاكراوەتەوە لەدەنگی مردو و زیادەو هەروەها لەدایكبوانی ساڵی 2006یش كە بۆ ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە زیاد كراون".
" كۆمسیۆن مافی خۆیەتی رێكارە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، هەروەها هەژماركردنی دەنگەكان بە هەردوو سیستمی ئەلكترۆنی و دەستی دەبێت، وەك چۆن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا پەیڕەو كرا"جومانە غەلای وا دەڵێت.