نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداری دەداتە عێراق

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە ڕاگەیندراوێکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە بکەوێتە ناو ململانێکەوە.

جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت و عێراقیش بەدەر نییە لەو ململانێیانە، ئەوەش ھەڕەشەی سەرھەڵدانی رووبەرووبوونەوەیەکی گەورەتر دەکەن.

پلاسخارت دەشڵێت، سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە رابکێشرێتە ناو ئەو ململانێیەوە.

دووپاتیشیکردەوە، ئەو ھێرشە بەردەوامانەی لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن، دەبێتە ھۆی تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی دوای ھەوڵێکی زۆر لە عێراقدا بەدەست ھاتووە.

راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە پێشینەی کارەکانیانە و بانگەوازی خۆیان بۆ ھەموو لایەنەکان دووپاتدەکەنەوە کە زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن.

هۆشدارییەکەی یونامی لەکاتێکدایە، شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 100 رۆژی تێپەڕاندووەو تا دێت گرژییەکانی ناوچەکە فراوانتر دەبن، حوسییەکانی یەمەن هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە سنوورە ئاوییەکان و ئێران هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و سووریا و پاکستان و پاکستان وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.

هاوکات  بەیانی ئەمڕۆش شەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق، بەگوێرەی زانیارییەکان لانی کەم 10 کەس کوژراون، لەنێویاندا دوو فەرماندەی سوپای پاسداران هەبوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار