پەرلەمانی تورکیا ئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ پەسندکرد
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پڕۆژە یاسای تایبەت بە خواستی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا، ئەمەش دوای ٢٠ مانگ لە دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە و ستۆکھۆڵم لەو بارەیەوە.
پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ سێ شەممە بە دەنگی ٢٨٧ پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای تایبەت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ لە بەرامبەر ٥٥ دەنگی نەخێر پەسەندکرد.
سوید و فنلاندا لە مانگی (ئایار/5)ی 2022دا هەوڵی خۆیان دا بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆ ، هەردو وڵاتیش لە مانگی (حوزەیران/6)ی 2022 لە میانی کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی مەدرید بە فەرمی بانگهێشتی ناتۆ کرابون، خواستەکانی هەردو وڵات بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی ئاسایش لە کاردانەوە بە لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەیر دەکرا.
دوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا، فینلاند لە مانگی (نیسان/4)دا بو بە ئەندامی هاوپەیمانییەکە، هەرچەندە ستۆکهۆڵم یاساکانی "دژە تیرۆر" و دەستوری خۆی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە گۆڕی، بەڵام زنجیرەیەک خۆپیشاندانی چالاکانی کورد دژی حکومەتی تورکیا و ناڕەزایەتییەکانی قورئان سوتێنەر لە سوید، پڕۆسەکەی خاوكردهوه.
دواتر رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەنێوان ههریهك له رەجەب تەیب ئەردۆغان، سهرۆکكۆماری توركیا؛ ساولی نینیستۆ، سهرۆکكۆماری فینلاند؛ ماگدالینا ئاندەرسۆن سهرۆكوهزیرانی ئەو کاتی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا تورکیا رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا بۆ بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هەبوو لەسەر ئەو وڵاتە.
لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا و تەواوکردنی ڕێوشوێنە فەرمییەکان سوید دەبێتە 32ـەمین وڵات لەنێو هاوپەیمانیی ناتۆ کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات. هەروەها هەنگاریا دەبێتە تاکە وڵاتی ئەندامی ناتۆ کە هێشتا پاڵپشتیی سوێد ناکات بۆ بوونە ئەندام.
بڕیارەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە چاوەڕوان دەکرێت بە زوویی بڵاوی بکەنەوە.