ئەمریکا دوبارە هێرشی کردە سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی و عێراقیش نیگەرانە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمەریکا ئەنجامدانى سێ هێرشى بۆسەر سێ ئامانجى کەتائیبى حیزبوڵا و حەشدى شەعبى راگەیاند و عێراقیش دەڵێت بە ئامانجگرتنی ئەو بارەگایانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپاى ئەمریکا سێ پێگەى کەتایبی حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بەگوێرەى زانیارییە بەراییەکان چەکدارێکى ئەو گروپە کوژراوە و چوارى دیکە بریندار بوون.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەوەڵامی هێرشەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی بۆ سەر هاوپەیمانان، لە نێویاندا هێرشەکەی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سێ ناوەندی میلیشیاکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردومانکرد.

فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا شوێنی مەشقکردنی چەکداران لە سەر هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان کراوەتە ئامانج.

یەکێک لە هێرشەکان بنکەیەکى حەشدى شەعبى لە ناوچەى جورف سەخڕ لە پارێزگاى بابل کردوەتەوە ئامانج و هێرشێکى دیکەیش کەتائیبى حیزبوڵاى لە قەزاى قائیم و یەکیک دیکەش لە بارەگاکان کە بۆردومانکراوە، لە دەروازەی ترێبیلی لە ڕۆژئاوای ئەنبار بووە جێگەیباسە ئەمە یەکەم جارە کە ئەمریکا بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوماندەکات لە ناوچەیەک کە هاوسنورە لەگەڵ ئوردن.

هاوکات ،بەگوێرەى ئەو زانیارییە بەراییانەى کە گرووپەکانى نزیک لە حەشدى شەعبی بڵاویان کردووەتەوە، لە هەردوو هێرشەکەدا چەکدارێکى حەشدى شەعبی کوژراوە و چوارى دیکە بریندارن.

دوای ئەنجامدانی هێرشەکانیش لۆید ئۆستین وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕایگەیاند، "به‌ ڕێنمایی جۆو بایدن، هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا هێرشی پێویست و ڕێژه‌یییان ئه‌نجامدا بۆ سه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ كه‌ میلیشیای كه‌تایبی حزبوڵای سه‌ر به‌ ئێران و گروپه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق به‌كاریان ده‌هێنن".

باسی لەوەشکرد،" کە ئەو هێرشانە وه‌ڵامێكی ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ زنجیره‌یه‌ك هێرش له‌ دژی كارمه‌ندانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌".

هاوکات  قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراقیش رایگەیاند؛ بە ئامانجگرتنى بنکەکانى حەشدى شەعبى لە قائیم و جورف سەخر دەستدرێژیی و شکاندنى رونى سەروەریی عێراقە.

دەشڵێت: ئەم هێرشانە یاریدەدەرى هێورکردنەوەى دۆخەکە نین و پێویستە لەجێی ئەم هێرشانە بۆسەر دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق؛ ئەمەریکا هەوڵى وەستاندنى هێرشەکانى ئیسرائیل بدات لە غەززە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار