ئەمریکا لە ڕێگەی چینەوە گوشاردەخاتە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمرۆ چوارشەمە رۆژنامەی "فاینناشنال تایمز" لە ڕێی چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بڵاویکردەوە کە ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی راگرتنی هێرشی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور ، بۆ ماوەی 3 مانگ داوای لە چین کردووە کە هەنگاوی ئەرێنی لەو ڕووە بنێت ، بەڵام چین وەڵامی داواکەی ئەمریکای نەداوەتەوە.
ڕۆژنامەکە لەزاری بەرپەسەکانی ئەمریکاوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەمریکا داوای لە چین کردووە ، بە مەبەستی راگرتنی هێرشی چەکدارە حوسییەکان بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکانی دەریای سوور ، گووشار بخاتە سەر ئێران بەلام هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان لەوبارەیەوە دەست نەکەوتووە.
هەروەها لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە کە ، ئەمریکا لە ماوەکانی 3 مانگی رابردوودا ئەم پرسەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی چین ورووژاندووە .
جێی باسە بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای هێرشی چەکدارەکانی سەر بە گروپی حوسییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکان و ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور ، تا ئێستا هێزەکانی سەر بە سووپای ئەمریکا و بەریتانیا هەشت جار بە مووشەک و دروون بوردومانی بنکە و بارەگای چەکدارەکانی حوسییان کردووە .
دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل ، چەکدارەکانی گروپی حوسییەکانی یەمەن کە لە ئێرانەوە نزیکن ، هێرش و پەلامارەکانیان لە دەریای سووردا چڕتر کردۆتەوە کە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ڕێڕەوی ئاوی بازرگانی جیهانیدا داناوە.