گەورەترین مانۆڕی سەربازی ناتۆ دەستیپێكرد
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێكخراوی هاوپەیمانی ئەتلانتیكی باكوور (ناتۆ) بە بەشداری 90 هەزار سەرباز گەورەترین مانۆڕی سەربازی خۆی لە دوای جەنگی ساردەوە تا ئێستا دەستپێكرد.
لەم مانۆڕە سەربازییەی ناتۆدا كە ئەمڕۆ پێنج شەمە 25ی كانوونی دووەمی 2025 بەناوی (بەرگری شێلگیرانە 2024) دەستیپێكرد، زیاتر لە 90 هەزار هێزی سەربازی ئەندامانی ناتۆ بەشدارن تێیدا.
مانۆڕەكە بەمەبەستی خۆئامادەكردنی وڵاتانی رۆژئاوایی لە بەرامبەر هێرشەكانی رووسیا كە پلانی بۆ داڕێژراوە.
جەنەراڵ كریستۆفەر كاولی، فەرماندەی باڵای هێزە هاوپەیمانەكانی ناتۆ لە ئەورووپا رایگەیاند "بەرەی ناتۆ هێزی خۆی بۆ ئامادەبوون لە ناوچەی یۆرۆ-ئەتلانتیك لەڕێگای جووڵەی بان ئەتلانتیكی هێزەكان لە ئەمریكای باكوورەوە نمایش دەكات".
ئەو جەنەراڵە ئەوەشی خستوەتەڕوو "مانۆڕەكە پیشاندانی ئاشكرای یەكگرتوویی، هێزو ئیرادەی ئێمەیە بۆ بەرگری لە یەكتر، بەهاكانمان".
مانۆڕی (بەرگری شێلگیرانە 2024) بە بەشداری 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ بۆ وەستانەوە دژی هەر هەڕەشەیەكی رووسیا پلانی بۆ دانراوە.
ئەم مانۆڕە لە كۆمەڵێك مانۆڕی بچووكتر پێكدێت كە لە ئەمریكای باكوورەوە تا سنوورەكانی رووسیا دەگرێتەوە.
بە پێی راپۆرتەكان، 50 كەشتی جەنگی، 80 فڕۆكەی جەنگی و زیاتر لە هەزارو 100 تانك بەشدارن تێیدا.
مانۆڕی "بەرگری شێلگیرانە 2024) گەورەترین مانۆڕێكە كە دوای مانۆڕی (رێفۆرجێر) لە ساڵی 1988 بەڕێوە دەچێت، لە مانۆڕی رێفۆرجێردا 125 هەزار سەرباز بەشدار بوون.
ئەم مانۆڕە لە دۆخێكدا بەڕێوە دەچێت كە رووسیا بە هێرشكردنە سەر ئۆكراین بەشێك لە خاكی ئەم وڵاتەی داگیركردووە.
ئێلكساندر گرۆشكۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لەم بارەوە وتویەتی"بەرفراوانبوونی مانۆڕی نوێی ناتۆ دەرخەری گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی جەنگی سارد".