واشنتۆن بۆ بەغدا: کشانەوەی هێزەکانمان به بێ باج نابێت

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت لە ڕاپۆرتیکیدا باس لە ناوەڕۆکی نامەیەکی نهینی دەکات کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە گەیه‌نراوه‌ته‌ حکومەتی عێراق و تیایدا به‌رپرسانی واشنتن هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی كه‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان "بێ باج نابێت".

رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، ناوه‌ڕۆكی په‌یامێكی واشنتنی بۆ به‌رپرسانی عێراقی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ تیایدا "شێوازی کشانەوەی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و خشتەی کاتی لەخۆگرتوه‌" به‌ڵام جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ "كشانه‌وه‌كه‌، ئەگەر روبدات، بێ باج نابێت".

 رۆژنامه‌ی شەرق ئەلئەوسەت له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویکردۆتەوە کە، "واشنتن نیگه‌ران نییە بچێتە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان له‌گه‌ڵ به‌غدا، بەڵام  دەڵێت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە ناوچەکە هێرشەکانیان بەرامبەر بە  گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران ناوەستێت و بەردەوام دەبێت بەتایبەت ، ئه‌گه‌ر هۆکاربن لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".

بەگوێرەی سەرچاوەکان، سودانی "لایەنە گرنگەکانی" پەیامەکەی ئەمەریکای لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوبەش کردووە، لەوانە "پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هێرشەکانی ئەمەریکا دژی لایەنەکانی سەر بە ئێران ناوەستێت." لە نامەکەدا هاتووە " دانوستانە تەکنیکییەکانی داهاتوو بۆ ڕێکخستنی کشانەوەی هێزە هاوپەیمانییەکان  ئاسان و خێرا نابن و کاتی پێویست دەوێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو دۆسیەکانی پەیوەست بەو کشانەوەیە چارەسەر دەکرێن."

هاوکات بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، "واشنتن لەنامەکەدا هانی بەغدای داوە بۆ تێگەیشتن و درککردن بە دەرئەنجامەکانی کشانەوەکە، لەوانەش ئەو پابەندبونە دارایی و ئابورییانەی کە هەردو وڵاتیان به‌یه‌كه‌وه‌ بەستوەته‌وه‌".

هەروەها سێ سه‌رچاوه‌ی ئاگادار به‌ رۆژنامه‌كه‌یان وتوه‌، "له‌ئێستادا چه‌ند پارتێكی شیعە كه‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا كاریگه‌رن، هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ رازیی بكه‌ن كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كان له‌ دژی ئه‌مریكیه‌كان و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ هه‌ندێك له‌ داواكانیان پاشه‌كشه‌ بكه‌ن".

ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە، راوێژکاریی و هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، کە لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێکی زۆری عێراق و سوریادا گرت و له‌ ئێستاشدا سودانی روبەڕوی فشاری زیاتری ناوخۆیی بوەتەوە، بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دوای ئەوەی سوپای ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشی كرده‌ سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ وڵاته‌كه‌دا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار