حوسییەكان بەموشەك هێرشیانكردە سەر كەشتییەكی جەنگی ئەمریكا
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەدرێژەی هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بارهەڵگرو جەنگییەكان لە دەریای سوور، حووسییەكان بە مووشەك هێرشیانكردە سەر كەشتییەكی جەنگی ئەمریكاییەكان لە دەریای سوور، لە بەرامبەردا ئەمریكاییەكان رایانگەیاند بنكەو شوێنەكانی حووسییەكانیان لە یەمەن كردۆتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند "هێزەكانی ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەمە 27ی كانوونی دووەمی 2024، موشەكێكی دژە كەشتی حووسییەكانیان تەقاندۆتەوە".
بە پێی راگەیاندنی سێنتكۆم "ئەم مووشەكە هەڕەشە بوو بۆ سەر كەشتییە بارهەڵگرەكان و كەشتیەكانی هێزەكانی دەریایی ئەمریكا لە ناوچەكە و هێزەكانی ئەمریكا بۆ بەرگری لە خۆیان مووشەكەكەیان تەقاندووە."
لە هەمانكاتدا حووسییەكان كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن رایانگەیاند"بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیاوە دوو هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بنكەو دامەزراوەكانی حووسییەكان لە یەمەن".
بە پێی راپۆرتی رۆیتەرز، تەلەفزیۆنی حوسییەكان ناسراو بە "ئەلمەسیرە" بڵاویكردۆتەوە هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بەندەر "رەئس عیسا" كە سەرەكیترین شوێنی هەناردەكردنی نەوتی یەمەنە".
بەرپرسانی ئەمریكاو بەریتانیا تا ئێستا هیچ لێدوانێكیان لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.
رۆژی هەینی نەوتهەڵگرێك لە دەریای سوور لەلایەن حووسییەكانەوە كرایە ئامانج و ئاگر لە كەشتییەكە كەوتەوە.
بە پێی راگەیاندنی سێنتكۆم، كەشتی نەوتهەڵگری (مارلین یۆڤاندا) كاتژمێر 7:45خولەكی ئێوارەی هەینی لەلایەن حووسییەكانەوە بەمووشەكی بالستیكی دژە كەشتی كرایە ئامانج.
سێنتكۆم نووسیویەتی "دوای ئەوەی ئەم كەشتییە پەیوەندی پێوەكردوون ، كەشتی جەنگی " یوو ، ئێس، ئێس، كارنی" و كەشتییە جەنگیەكانیتری هاوپەیمانان خۆیان گەیاندۆتە كەشتی ناوبراو بۆ یارمەتیدانی.
پێستر، یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەكان، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هێرشی مووشەكی ئەم گرووپە بۆ سەر كەشتی بارهەلگری مارلین یۆڤاندا، باسی لەوە كرد ئەم كەشتییە، سەر بە بەریتانیایە و نەوتهەڵگرێكی بەریتانی كراوەتە ئامانج.
بەڵام ئەوەی هەیە ئەم كەشتییە نەوتهەڵگرە ئاڵای دوورگەكانی مارشاڵی لەسەرەو سەر بە كۆمپانیایەكی نێونەتەوەییە بە ناوی "تافیگۆر".
كۆمپانیای ترافیگۆر، ئێوارەی هەینی رایگەیاند كە ئەم كەشتییەیان كراوەتە ئامانج و ئاگری گرتووە. ئەم كۆمپانیایە هەروەها رایگەیاندووە كە كەشتییە سەربازییەكان چوونەتە یارمەتی ئەم كەشتییە بارهەڵگرەوە.
هێرشی حووسییەكان كە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ سەر ئەو كەشتیانەی لە دەریای سوور و كەنداوی عەدەندا لە هاتووچۆدا لە 19ی نۆڤەمبەرەوە زیاتر بووەو تا ئێستا زیاتر لە 30 جار هێرشیانكردۆتە سەر كەشتییە بارهەلگرو سەربازییەكان لەو ناوچەیە.
حوسییەكان رایانگەیاندووە تا ئەوكاتەی ئیسرائیل بەردەوام بێت لەهێرش بۆ سەر غەزە بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان لەو ناوچەیە.