ترەمپ بۆ بایدن: دنیات لە جەنگی جیهانی نزیک کردۆتەوە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوابەدوای هێرشەکەی سەر بورجی 22 ی سەر سنووری سوریا و ئەردەن و کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 34 سەربازی دیکە، دۆنالد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەری 2024 ، هێرشێکی تووندی کردە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بە کەسێکی فشەڵ وەسفی کرد.

هەروەک چۆن جۆ بایدن ی تۆمەتبار کرد کە جیهانی بەرەو لێواری جەنگی جیهانی سێهەم بردووە .

ترەمپ لە درێژەی قسەکانی ئەوەشی ووت : " بە هۆی  بێ هێزی و کەم توانایی جۆ بایدن ئەم هێرشە کراوەتە سەر ئەمریکا و گەر سەیری رابردوو بکەین ئەوا تێدەگەین کە ئێران لە سەردەمی ئیدارەکەی مندا ، ووڵاتێکی بێهێز و کۆنترۆڵکراو بوو و نەیدەتوانی وەک ئێستا پەل بهاویژێت ".

هەروەها ترەمپ ، ئیدارەکەی جۆ بایدنی بە بەخشینی ملیارها دۆلار بە تاران تۆمەتبار کرد ، کە لە ئەنجامدا ئێران ئەو پارانەی خستە خزمەت ئەجیندا و بەرنامەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و گۆمی خوێنی لە ناوچەکەدا هەستاند.

" گەر من سەرۆک بوومایە هەرگیز ئەم هێرشە رووینەدەدا و هەر وەک چۆن نە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل  و نە هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا روویدەدا،  ئاشتی باڵی بە سەر جیهاندا دەکێشا ". ترەمپ وا دەڵێت.

جێی ئاماژەیە لە ئەنجامی هێرشێکی ملیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەی 22 ی سەرسنووری سوریا و ئەردەن ، 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 34 سەربازی دیکەش بریندار بوون ، دوابەدوای هێرشەکەش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و لووید ئۆستۆن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایانگەیاند ، بە تووندی وەڵامی  هێرشەکە دەدرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار