ئێران مەرج بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان دادەنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شۆفێرانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بەهۆی دروستکردنی کێشە لەلایەن ئێرانەوە ماوەی سێ ڕۆژ ڕێگریان لێکرا بگەڕێنەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکی تایبەت کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە لەبارەی کێشەی شۆفێرانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "بۆ ماوەی سێ رۆژ لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە دەروازەی پەروێزخان ڕێگریمان لێکرا بگەڕێینەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، شەوی ڕابردوو ئێران بە مەرج ڕێگەیدا بەشێک لە تانکەرەکان بێنەوە هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەش ئەمشەو ڕێگەیان پێدەدرێت".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو مەرجەی ئێران دایناوە ئەوەیە دەبێت هەموو شەوێک ٤٠٠ تانکەری پڕ لە سوتەمەنی بچنە دیوی ئێرانەوە، ئەوکات ئێران ڕێگەدەدات شەوانە ٧٠٠ تانکەری بە تاڵ بێنەوە خاکی هەرێمی کوردستان".
هەروەها سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، "کێشەیەکی دیکەمان ئەوەیە کاتێک لە مەرز دەچینە دیوی ئێران پارەیەکی زۆرمان لێوەردەگیرێت، چەندەها جار ئێران بەڵێنی داوە ئەم کێشانە چارەسەر بکات، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر".
دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان یەکێکە لە دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە ئیدارەی گەرمیان و ساڵانە داهاتێکی زۆر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە.
