تەنها لە یەکەم مانگی ساڵی 2024 دا 50 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە لە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٥٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون و ٩٢٪ ی قوربانییەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانەوە بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دا، ٦ کۆڵبەر کوژراون و ٤٤ی دیکەش بریندار بوون, هەروەها لە ناویشیاندا ٦ کۆڵبەری منداڵیش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون.

ئەو مناڵانەی بریندار بوون ،دوانیان خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوانیان خەڵکی شاری سەقز و دوو کەسیان خەڵکی شارەکانی پاوەو شاهۆ بوون، هەروەها ٤ کەسیان لە سنووری نەوسوود و ٢ کەسیان لە سنووری بانە بریندار بوون.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ، زۆرترین قوربانیش لە سنووری پارێزگای کرماشان بووە کە ٢٩ کەس کوژراون و بریندار بوون.

جێگەیباسە هەر لەم مانگەدا و رۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەم، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئاوایی شمشێری پاوە، بە ناوی هۆشیار مەحموودی تەمەن ٤٠ ساڵ، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە تەوێلە کوژراو دوو کۆڵبەریتریش بریندار بوون.

هەر لەم پەیوەندەشدا دوو رۆژ پێشتریش ٨ کۆڵبەر کە زۆربەیان مێرمنداڵ بوون لە لایەن پاسەوانی سنوورەوە لە سنووری تەوێڵە دەستبەسەر کران و سووکایەتیان پێکراو  ئەشکەنجە دران و سەریان تاشرا.

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی ناوەندی پیشەسازی لە کوردستان، بە ناچار روو ئەکەنە کاری  کۆڵبەری و لە لایەن هێزە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە تەقەیان لێئەکرێت و ئەکوژرێن و بریندار ئەکرێن.

ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی کۆڵبەری ئەکەن خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووەو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەریان هەیە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار