ژمارەیەک خێزانی دیکەی کەرکوک قەرەبوو دەکرێنەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ ناوی ژمارەیەک خێزانی دیکەی بڵاوکردەوە کە قەرەبوو دەکرێنەوە و هەر خێزانێک بڕی ١٠ ملیۆن دیناری پێدەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤ نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ ناوی ژمارەیەک خێزانی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لێدەکات بە مەبەستی وەرگرتنی قەرەبوو سەردانیان بکەن و هەر خێزانێک بڕی ١٠ ملیۆن دینار پێدەدرێت.
ئەو خێزانانەی ناویان لە لیستی قەرەبووەکەدا هاتوو ١٣٦ خێزانن و لە ڕێگەی چەکی بانکییەوە بڕی ملیارێک و ٣٦٠ ملیۆن دیناریان وەک قەرەبووی مادەی ١٤٠ پێدەدرێت.
نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ داوا لەو خێزانانە دەکات بەڵگەنامەکانیان لەگەڵ کۆپی ڕەنگاورەنگ و دوو وێنەی خاوەنی مامەڵە لەگەڵ خۆیاندا بهێنن تا بتوانن چەکی قەرەبوو وەربگرن.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردووشدا ٩٣٩ خێزانی کەرکوک گەڕاونەتەوە بۆئەوەی چەکی قەرەبوو وەربگرن، هەروەها بڕی نۆ ملیار و ٣٩٠ ملیۆن دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانە دابینکراوە.
