یەکێتیی مامۆستایان: مامۆستایانیش شایەنی پلەبەرزكردنەوەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وای بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی زیاتر لە چوارهەزار ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، مامۆستایانیش شایەنی پلە بەرزکردنەوەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان هاتووە "ماوەی دە ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی مووچەخۆرانی كوردستان، دوێنێ پلەی (٤٣٠٤) ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ بەرزکرایەو، وێرای پیرۆزباییمان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، كە ئەفسەران و هێزەكانی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ هەمیشە لەخۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاک و نیشتمان بەردەوام بوونە".

یەکێتیی مامۆستایان داوا دەکەن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە:

١- پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆی.

٢- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

٣- دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ.

٤- هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار