یەکێتی و پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکراکرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەردوو مەکتەبی سیاسییی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان ئاشکراکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە دەباشان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە :
١ - هەردوولا کۆکبووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .
٢ - هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین .
٣ - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.
