بەدرۆن هێرشکرایەوە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گروپی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتی عومەر لە سنوری دێرەزور لە خاکی سوریا، کە بنکەیەکی سەربازییە و هێزەکانی ئەمەریکای تێدا جێگیرکراوە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیانکردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازانی ئەمەریکا لە سنوری دێرەزور لەناو خاکی سوریادا.
هێرشەکەی موقاوەمەی ئیسلامی، سێ رۆژ دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دێت.
درەنگانی شەوی هەینی رابردوو هێزی ئاسمانی ئەمەریکا وەک تۆڵەکردنەوەی خوێنی سێ سەربازی ئەمەریکیی و برینداربوونی دەیان سەربازی دیکەی بنکەی تاوەر22 لە ئوردن، هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا ئەنجامدا، بە گوێرەی ئاماری فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە 30 خوولەکدا، 85 ئامانجیان لە حەوت دامەزراوە بۆمببارانکردووە، کە چوار لە سووریا و سێ لە عێراق بوون.
