بەهۆی هێرشەکانی دەریای سورەوە داهاتی کەناڵی سوێس بۆ نزیک لە نیوە دابەزیوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێکی باڵای میسر دەڵێت، داهاتی ڕێڕەوی بازرگانی سوێس بۆ نزیک لە نیوە دابەزیوە و هێرشەکانی حوسییەکان بۆ پشتیوانیکردنی غەزە کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی ناچارکردووە خۆیان بەدووربگرن لە ڕێگا ئاوییەکە و ئەمەش زەبرێکە بۆ سەرچاوەی داهاتی سەرەکی میسر.
ئوسامە ڕابی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کەناڵی سوێس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی میسری ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێرشەکان کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی ناچارکردووە خۆیان بەدووربگرن لە ڕێگا ئاوییەکە، ئەمەش بووە تە هۆی ئەوەی داهاتی مانگی ڕابردوو بۆ 428 ملیۆن دۆلار داببەزێت بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو کە 804 ملیۆن دۆلار داهاتەکەی بوو.
حووسییەکان لە دوای جەنگی غەززەوە، وەک خۆیان دەڵێن، بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەستیانکردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی رێڕەوێکی بازرگانیی دەریایی گرنگی جیهان.
هاوکات هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە بازرگانییەکان بە کەناڵی سوێس و گەرووی باب ئەلمەندا تێنەپەڕن و ڕێگەی دیکە و دورتر بگرنە بەر وەک ڕێگەی کەیپی هیوای باش لە ئەفریقا ئەمەش بۆتە هۆی دواکەوتنی کەستییەکان بەهۆی ئەوەی کەناڵێکی بێ خزمەتگوزارییەوە ڕێگەیەکی دورترە وەک لە بەکارهێنانی کەناڵی سوێس .
ڕابی ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە لە ئێستادا بە کەناڵەکەدا هاتوچۆ دەکەن بە ڕێژەی 36٪ کەمیکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، وتی کەناڵی سوێس بە "باشترین و خێراترین و سەلامەتترین ڕێگا" دەمێنێتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگای کەیپی هیوای باش "ناتوانرێت بەردەوام باکاربهێنرێت ، چونکە بەبێ خزمەتگوزارییەو گەشتکردن تیایدا زۆر قورسە."
وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم هێرشانە لە نوێترین وڵامدانەوەیدا هێزەکانی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک بەلەمی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن ،ئەو هێرشەش دوای زنجیرەیەک هێرشی دیکەی تاکلایەنانە و هاوبەش دێت کە ئەمریکا لە دژی حووسییەکانی لایەنگری ئێران ئەنجامیداون.
رۆژی یەکشەممەش ئەمریکا هێرشی کردە سەر پێنج مووشەکی حووسییەکان، یەکێکیان بۆ هێرشی وشکانی و ئەوانی دیکە بۆ بە ئامانجکردنی کەشتییەکان بوون، ئەمە وەک سێنتکۆم باسی کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش، درەنگیی شەوی شەممەش، بەریتانیا و ئەمریکا سێیەم ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی هاوبەشیان دژی 36 پێگەی حووسییەکان لە 13 شوێن ئەنجامدا.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رۆژی دواتر وتی: "ئەم هێرشانە لە هەڵوێستی خۆمان بۆ پشتیوانیکردنی بەردەوامی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە، نامانوەستێنن."
حووسییەکان لە نۆڤەمبەری پارەوە دەستیان بە هێرشەکانیان کرد و رایانگەیاند، ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، دەکەنە ئامانج و بەیانی ئەمڕۆش هێرشیانکردە سەر كهشتییهكی بارههڵگری سهر به بریتانیا زیانێكی زۆری بهركهوتوه.
لە پاڵ هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان بۆ سەر حووسییەکان، ئەمریکا هێزێکی دەریایی لەگەڵ چەند هاوپەیمانێک پێکهێنا بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە دەریای سوور کە 12٪ی کۆی بازرگانی جیهانی پێدا دەربازدەبێت.
