وەزیری بەرگری تورکیا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە لە عێراقن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری بەرگری تورکیا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە بە یاوەری شاندێک بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس بەیانی ئەمرۆ سێشەممە گەیشتنە بەغدا.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە سەردانەکە ڕایگەیاندووە،یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندیکی یاوەریان بۆ کۆبونەوە دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەیشتنە بەغدا.
سەردانەکەی ئەو دوو بەرپرسەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردووش ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و زنجیرەیەک کۆبونەوەی ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق لەتیف ڕەشید و سەرۆکوەزیرانی عێراق و دواتریش لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبویەوە.
ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا لەکاتێکدایە، ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە بەردەوامن.
