پەرلەمانتارێك: 618 ملیار دینارەکەی هەرێم زیاد دەكرێت و مەترسی لەسەر نییە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەو پێیەی تائێستاش، تەیف سامی، وەزیری دارایی و بەرپرسانی بەغدا جەخت لە پێویستی پابەندبوونی هەرێم بە یاسای بودجەوە دەكەنەوە، بەو شێوەیەی رێككەوتنی لەسەركراوە، كە دەبێت هەرێم پەیوەست بێت بە ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و لە سەدا پەنجای داهاتی نانەوتی بە بەغدا.

حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەم قۆناغەدا  پابەندنەبووە بەو رێككەوتنەوە بە بیانووی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، ئەمەش مەترسی نەناردنی پشك و بەشە بودجەی هەرێمی لای فەرمانەرانی كوردستان زیاتر كردووە.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "بڕی پارە بۆ مووچە تا هەمواری یاسای بودجە مانگانە دەنێردرێت، بەڵام بەپێی خەرجی کرداری گۆڕانکاری بەسەردادێت".

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت "چاوەڕواندەکرێت بۆ ئەم مانگە بڕی ٦١٨ملیار دینارەكە زیاتر بێت".

هاوكات جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوڵاتییەوە، جارێكی دیكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە، ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکە كێشەی نابێت و تا هەمواری یاسای بودجە مانگانە لە ٢٠ بۆ ٣٠ هەموو مانگێك دەنێردرێت.

ترس و دوو دڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، تا ناوەڕاستی مانگی دوو دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك بەردەوام دەبێت و مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردووش لەلایەن حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاشەكەوت كراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار