سەرکردەیەکی تورکمان: ڕەنگە هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک بڕواتە دادگای فیدراڵی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پێناچێت هیچکام لە لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەگەڵ کورد "تەنازول" بۆ یەکتری بکەن، ڕەنگە لەداهاتوودا دۆسیەی کەرکوک لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە یەکلایی بکرێتەوە.

نەجات حوسێن، کەسایەتی سیاسی تورکمانی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، هەریەک لە عەرەب و تورکمان ڕێککەوتنیان هەیە و داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن، و کوردیش دەست لە پۆستەکە هەڵناگرێت هەربۆیە پێدەچێت یەکلاکردنەوەی بابەتەکە بچێتە دادگای فیدراڵی.

ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت، "کورد و برا کریستیانەکان خاوەنی 8 کورسی ئەنجومەنن و عەرەب و تورکمانیش بەهەمانشێوە 8 کورسییان هەیە، بۆیە هیچ لایەک تەنازول بۆ لاکەی تر ناکات، مەگەر جیابوونەوە لەنێو بەرەیەکیاندا ڕووبدات."

ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کوردو ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

نەجات حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت ،"ڕەنگە عەرەب و تورکمان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەن نەکەن و دواتر مەسەلەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەکلایی بکرێتەوە، بەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە یاخود بڕیاری تر دەربکرێت."

لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەچوو لە هەڵبژاردنەکەدا و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار