ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەنە ئیسرائیل

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیسرائیل دەیەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا هێرشبکاتە سەر ئەو دەروازەیەی لێوەی  هاوکاری مرۆی دەگەیەنرێتە غەززە وئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وجێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن.

ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەئێستادا تەنھا دەروازەی گرنگ کە تایبەتە بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی کەرتی غەززە، تەنھا دەروازەی رەفەحە لەسەر سنوری میسر کە ئێستا بە وتەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بە مەبەستی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لە شارۆچکەی رەفەح.

وتیشی، ئەمریکا لەو بارەیەوە ھۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی رەفەح کە دەبێتە ھۆی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی، چونکە تەنھا دەروازەیە کە لە رێگەیەوە وڵاتانی جیھان ھاوکارییە مرۆییەکانیان دەگەیەننە کەرتی غەززە، بۆیە پێویستە ئیسرائیل زۆر بە وردی بیر لە بابەتێکی لەو جۆرە بکاتەوە و ژیرانە بڕیار بدات.

لەهەمانکاتدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای "X" نوسیویه‌تی، "نیوەی دانیشتوانی غەززە لە ئێستادا له‌ رەفح گیریان خواردوه‌، هیچ شوێنێکیان نییە بچن، رێوشوێنێکی لەو شێوەیە کابوسە مرۆییەكان لە ئێستاوە خراپتر دەکات و دەرئەنجامە ناوچەییەکانی وەسفنەکراو ده‌بێت".

هاوکات بەپێی راپۆرتێک کە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویکردوه‌تەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ئێستاوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر رەفح دەستپێکردوە، هەروەها تانکەکان بۆردومانی رۆژهەڵاتی شارەکەیان کردوە.

ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی کە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە لە شەڕ هەڵاتون، لەوێ كۆبونه‌ته‌وه‌ ومیسر ترسی ئەوەی هەیە ئەو  ئۆپەراسیۆنە سەربازییە  ببێتە هۆی لێشاوی فەڵەستینییەکان بۆ ناو نیمچە دورگەی سینا میسر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار