هیومان ڕایتس وۆچ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بە تاوانی جەنگ ناودەبات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ووۆچ هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیای بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە تاوانی جەنگ ناوبردووە و دەڵێت تورکیا بۆردومانی ژێرخانی ئابوری ئەو ناوچەیە دەکات و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیش زەنگی مەترسی لێدەدات.
لە ڕاپۆرتێکدا، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(هیومان ڕایتس وۆچ) ڕایگەیاندووە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتای ٢٠٢٤ تورکیا زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و مرۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا سەرچاوەی چەندین جۆری خزمەتگوزاری مرۆی لەو ناوچەیە براوە.
هیومان ڕایتس ووۆچ هێرشەکانی تورکی لە چوارچێوەی تاوانی جەنگدا داناوەو ئاماژەی بەوەکردووە کە" ئەو هێرشانەی زیانێکی نایاسایی بە هاوڵاتیانی مەدەنی و خزمەتگوزاری و دامودەزگا مەدەنییەکان دەگەیەنن بە پێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی قەدەغەکراون و بەئامانجکردنی ژێرخانی مەدەنی بە مەبەست تاوانی جەنگە ".
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر وێستگەکانی ئاو و کارەبا و دامەزراوە نەوتییەکان و تاکە وێستگەی گاز لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، ملیۆنان کەس بێ ئا و کارەبا بوون.
هەڕوەها له مانگەکانى کانوونى یەکەم و کانوونى دووەمدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانى زیاتر کردووه و بنکەى تەندروستى و ڕێگا ستراتیژییەکان کە کارمەندانى فریاگوزاریى بەکاریدەهێنن بۆردوومان کردووه.
هاوکات لە ۲۹ی کانوونی دووەم، کۆڕبەندی ناحکومی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (NES) کە هاوپەیمانێتییەکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە لە ناوچەکەدا کاردەکەن ڕایگەیاند، یەک ملیۆن کەس لە شارەکان و گوندەکان کارەبایان بڕاوە و زیاتر لە ۲ ملیۆن کەس توانای گەیشتنیان بە سەرچاوەی ئاوی پاک سنوردارە لەو ناوچانەی هێرشیدەکرێتە سەر لەلایەن تورکیاوە و مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی بەهۆی ئاوی پیسەوە لە بەرزبونەوەدایە.
هەروەها بەهۆی هێرشەکانی مانگی ١٢ ی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە پزیشکییەکان بوونەتە هۆی سنوردارکردنی توانای دابینکردنی ئۆکسجین بۆ زیاتر لە 12 نەخۆشخانەی تایبەت و گشتی ،کۆڕبەندەکە زەنگی مەترسی لێدەدات وهۆشداری دەدات لەوەی کە "قەبارەی زیانەکان لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکان هێندە زیاددەکات کە چیتر ڕێکخراوەکانی هاوکاری مرۆی توانای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان نامێنێت و زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە."
تورکیا چەندین ساڵە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات بە ئامانجیهێرشکردنە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چڕبونەوەی هێرشەکانی تورکیاش دوای پەسەندکردنی دەستوری ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە ، لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی دەستور و بەڕێوبەرایەتی خۆیەتی و هێزەکانی پاراستنی گەلیش هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە ئەمەش وای لە تورکیا کردووە وەک مەترسییەک بۆ سەر قەوارەکی بیبینێت.
