بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دوو کۆڵبەر برینداربوون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە، مەهاباد و سەقز، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران برینداربوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆمەڵێک کۆڵبەریان دەستبەسەرکردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان داون و لە مەودای چەند مەترێکەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کردوون، بەم هۆیەشەوە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی یووسف مەهابادی، تەمەن ٢٦ ساڵ و فەرزاد (ناوبانگ نادیار) کە هەردووکیان خەڵکی شاری مەهاباد بوون دەستیان بەسەختی بریندار بووە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سۆران ڕەحیمی، تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و ئەیووب مەحمودی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری بانە برینداربوون.
لە درێژەی بەردەوامیی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەران، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی نیزام تەیمووری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە قاچی بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
