وەزیری دەرەوەی ئێران: ئاسایشی لوبنان کاریگەری هەیە لە سەر ئاسایشی ئێران و ناوچەکە

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان، جەختی کردەوە لەسەر پشتوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشاکانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "بەرەی بەرگری" ناویان دەبەن، هەروەها وتی "ئاسایشی لوبنان کاریگەری هەیە لە سەر ئاسایشی ئێران و ناوچەکە".

وەزیری دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەیروت لە لایەن نوێنەری حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و جەهادی ئیسلامیەوە پێشوازی لێکرا.

عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ گەیشتنی بە لوبنان و لە فڕۆکەخانەی بەیروت بە میدیاکانی راگەیاند "ئێران بەردەوامە لە پشتیوانییە بەهێزەکەی خۆی لە (بەرەی بەرگری) و (لوبنان) و ئێمە ئاسایشی لوبنان بە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دەزانین".

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەی قسەکانیدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەی وەک جینۆساید ناوبرد و وتی "ئیسرائیل بە هیچکام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "تاران واشنگتۆنی ئاگادار کردۆتەوە بە پشتیوانیکردنی لە ئیسرائیل و کوشتاری بەکۆمەڵ خەڵکی فەلەستین و بێگمان ئەم پشتیوانیانە شکستی لێ دەکەوێتەوە".

عەبدوڵڵاهیان هەروەها وتی "ئیسرائیل دەیهەوێت ئەمریکا بخاتە ناو زەلکاوی جەنگەوە لە ناوچەکە.

وەزیری دەرەوەی ئێران حزبوڵڵای و بەرەی بەرگری لوبنانی وەک هێزێکی کاریگەر ناوبرد لەم سەردەمەدا کە زۆر وشیارانە خەریکی یارییە و کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵای لوبنان و ئەرتەش و دەوڵەتی لوبنان".

ئەمە سێهەمجارە لە دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل – حەماس وەزیری دەرەوەی ئیران سەردانی لوبنان دەکات.

هاوکات ئێوارەی هەینی ٩ی شوبات، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستووەتە خوارەوە و هێرش کراوەتە سەر تانکێکی ئیسرائیلی.

لە بەرامبەردا ئەرتەشی ئیسرائیل رایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل  هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوندی مارۆن ئەلرەئس لە باشووری لوبنان و هەروەها هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە دوو شاری باشووری لوبنان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار